٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

گرتنەوەی مووسڵ زۆر دەخایەنێت..رەنگە شەڕێكی تایفی ڕوو بدات

سەرچاوە: KDP.info

به‌غدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بە هۆی نەبوونی هێزی سوننی لە شەڕی گرتنەوەی تكریتدا، رەنگە شەڕێكی تایفی لە نێوان سوننە و شیعەدا دروست ببێت، چونكە میلیشیا شیعەكان لە داعش خراپتر بەسەر ئەو ناوچانە دەهێنن و تەنانەت گوندەكانیشیان دەسوتێنن. دەشڵێت، ئەو چەك و تەقەمەنییەی هاوپەیمانان وەكو هاوكاری بۆ عێراقی رەوانە دەكەن، عێراق بەشی هەرێمی كوردستان نادات و برێكی زۆر كەمی بۆ هەرێم رەوانە كردووە، كە لە كۆی ٢٥٠هەمەر، تەنیا ٢٥ هەمەری رەوانە كردوون.

بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی عێراق بەرنامەیەكی بۆ رزگاركردنی تكریت و مووسڵ هەبوو، بەڵام بە رای من ئاسان نییە، چونكە بەرنامەیەكی سەقەتە و بڕوایش ناكەم جێبەجێ بكرێت، لەبەر ئەوەی هیچ هێزێكی سوننی لەگەڵ ئەو هێزەدا نییە كە ئێستا هێرش دەكاتە سەر تكریت".
(شاخەوان عەبدوڵا) گوتیشی: "ئەو هێزەی كە ئامادە كراوە، وەكو پێویست نییە و جگە لەوەیش هێزی سوننی تێدا نییە و تەنیا شیعەیە، من خۆشم بە سەرۆكوەزیرانم گوت كە یەكێك لە چەكە بەهێزەكانی گرتنەوەی مووسڵ هێزی پێشمەرگەیە، چونكە ئەزموونێكی باشی لە تێكشكاندنی داعشدا هەیە، بەڵام چۆن دەتوانن ئەو داواكارییە لە هێزی پێشمەرگە بكەن كە تاوەكو ئێستا ئەو هەموو چەكە بۆ عێراق هاتووە بەشی هەرێمی كوردستان نەدراوە و لە كۆی ٢٥٠هەمەر تەنیا٢٥ هەمەر دراوە بە هەرێمی كوردستان و جگە لەوەیش ١٠هەزار چەكی  جۆری ئینفۆ و زۆر چەك و تەقەمەنیی دیكەیش هاتوون و بەشی هەرێمی كوردستان نەدراوە" .
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش وبەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند: "لە شەڕی تكریتیشدا بە ڕای من دەبێتە شەڕێكی تایفی، چونكە داعش تەنیا خەڵكی لەو ناوچانە ئاوارە كردبوو، بەڵام ئەوان گوندەكانیشیان دەسوتێنن، بۆیە ئەگەر تكریتیش ئازاد بكرێت، لە باشووری ئەو شارە شەڕ لە نێوان عەشیرەتی ئەلبوناسر و عەشیرەتێكی دیكە كە دەستیان لە كوشتارگەی سپایكەردا هەبووە لەگەڵ حەشدی شەعبی، دروست دەبێت".
(شاخەوان) زیاتر گوتی: "بڕیارە بۆ ئازادكردنی مووسڵ هێزی سوننی و هاوپیەمانان و حەشدی شەعبی بەشدار بن، بەڵام هێزی سوننی نییە، بۆیە گرتنەوەی مووسڵ زۆر دەخایەنێت".
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار