بە ددانپێدانانی هەموو جیهان، پێشمەرگە باشترین هێزە لە شەڕی دژی داعشدا.. شەڕی تكریت ئاسان نابێت

هەولێر-KDP.info- شرۆڤەكارێكی سەربازی پێوەست بە شەڕی سوپای عێراق و داعش لە تكریت ڕایدەگەیەنێت، شەڕەكەی هەردوولا راستیی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە دەردەخات كە بە تەنیا توانی ناوچەیەكی زۆر لە داعش وەربگرێتەوە. دەشڵێت، بە ددانپێدانانی هەموو جیهان، باشترین هێز كە لەسەر زەوی شەڕی داعشی كردووە، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.
(حەسەن جیهاد) شارەزا لە بواری سەربازی و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشتر هەواڵ هەبوو كە هێرش بۆ سەر مووسڵ دەكرێت، بەڵام هێرشەكە بە پڕاكتیكی نەبوو، لە مووسڵیش تەنیا هێزی پێشمەرگەی كوردستانە كە توانیویەتی پێشڕەوی بكات، بۆیە هیچ هەنگاوێكی پڕاكتیكی نییە بۆ گرتنەوەی مووسڵ و بە هیچ شێوەیەك ناكرێت تۆ تكریت نەگریتەوە بێیت باسی ئازادكردنی مووسڵ بكەیت، بۆیە ئەگەر سوپای عێراق تكریت بگرێتەوە كە ئێستایش بەشێكی بێجی بە دەست سوپای عێراقەوەیە، زەمینە خۆش دەكات و بەرەو شنگال دەڕوات، لەولایشەوە واتە لە باكووری مووسڵەوە پێشمەرگە كەوانەیەكی بەهێزە بە دەوری پارێزگاكەوە، جا بۆیە ئەگەر سوپای عێراق لە باشوورەوە پیشڕەوی بكات، ئەوا داعش تەنیا لەناو شاری مووسڵ دەمێنێتەوە و پەل و پۆكانی دەشكێنرێن، چونكە ئەگەر لە باشووری مووسڵ سوپای عێراق دەوری داعش بدات و لە باكووری مووسڵیش پێشمەرگە بەم بەهێزییەوە ڕێگەی لێ بگرێت، ئەوا كارەساتێكی گەورە بەسەر داعشدا دێت".
(جیهاد) گوتیشی: "شەڕی تكریت بەو شێوە ئاسان نابێت، ئەوە پێنج ڕۆژە شەڕ لە تكریت دەكرێت بەو ئاسانییە نییە كە سەرەتا بە گەشبینییەوە باسی لێوە دەكرا، بەڵام پێشڕەوییش كراوە بە تایبەتی لە سامەڕا و دەروازەی سەڵاحەددین و چەند شوێنێكی دیكە".
ئەو شارەزایەی بواری سەربازی دەشڵێت، بە ددانپێدانانی هەموو جیهان، باشترین هێز كە لە سەرزەوی شەڕی داعشی كردووە، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، بۆیە سەرقاڵبوونی گەورەترین سوپای عێراق بە ئازادكردنەوەی تكریت لە ماوەی 5 ڕۆژدا، نیشانەی بەهێزبوونی پێشمەرگەیە كە بە تەنیا توانی ناوچەیەكی زۆر لە داعش وەربگرێتەوە.




