حزبی دیموكرات: پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووداوەكەی كۆیە بە گرینگ دەزانین

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان، پێوەست بە پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵیەنەوە لەسەر رووداوەی هەڵكوتانەسەر كەمپی كوردانی رۆژهەڵات دەڵێت، پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ڕووداوەكەی كۆیە، بەسە بۆ ئەوەی دەستی حزبی تێكەڵی ئەو بابەتە نەكرێت.
(محەممەد نەزیف قادری) ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو هەنگاوەی سەرۆكی هەرێم بەرز دەنرخێنین و هەست دەكەین بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ گیراوە و هەموو لایەنەكان لە پەیوەندیدان، هیوادارین ئاكامی ئەو لێكۆڵینەوانە لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییەدا بێت كە حزبی دیموكرات و خەڵكی ناوچەكە پێشبینی دەكەن".
(قادری) گوتیشی: "بوونی لیژنەی سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و ئاساییشی گشتی بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە، وا دەكات كە سەرجەم گومانەكان و دەستە حزبییەكان بڕەوێنەوە و پێمان وایە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم لەو بارەوە گرینگن ".
ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت، ئەو لیژنانەی كە هاتوون پرسیاریان لە ڕووداوەكە كردووە، لەوانەیان پرسیوە كە پێشمەرگەن، ئەوانەیشی لەوێ بوون بە چاوی خۆیان ڕوداوەكەیان بینیوە و بەڵگە و شتیان لەبەر دەستە بیدەنە لیژنەكان".
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (د. فوئاد حوسێن) پێشتر رایگەیاندبوو، (سەرۆك بارزانی) بڕیاری داوە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر رووداوی هەڵكوتانەسەر كەمپی كوردانی رۆژهەڵات لە لایەن ئاساییشەوە لە شاری كۆیە، پێك بهێنرێت. گوتیشی، پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەو رووداوەی هەڵكوتانەسەر كەمپی كوردانی رۆژهەڵات، بە مەبەستی لێكۆڵینەوەیە لە رووداوەكە و گەییشتنە بە راستییەكان لە زووترین كاتدا.




