مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەران بە دۆلار بدرێت، حكوومەت و هاووڵاتیانیش زیان ناكەن

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی یەكدا مووچەی فەرمانبەران بە دیناری عێراقی بدات، ٦٧ملیار دینار زیان دەكات، بۆیە پێشنیاز دەكات مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەران بە دۆلار بدرێت.
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشنیازێك ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەران و٥٠٠ ملیۆن دۆلارەكەی بڕیارە لە توركیاوە بێت، كە دیارە رۆژ بە رۆژ نرخی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراق بەرز دەبێتەوە، بۆیە بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئەمە باش نییە، چونكە فەرمانبەران پارە وەردەگرن و دیناریش بەرانبەر دۆلار دادەبەزێت".
(دڵشاد شەعبان) گوتیشی: "ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كورستان ئەو ٥٠٠ملیۆن دۆلارەی لە توركیاوە بۆی دێت بیباتە بانكی ناوەندی لە بەغدا و بۆ دیناری عێراقی بیگۆڕێت، ٦٧ملیاردیناری عێراقی زیان دەكات، لەبەر ئەوەی نرخی بەهای دۆلار بە دینار دیاری كراوە كە نرخی یەك دۆلار بە هەزار و ١٦٦دینارە و لە بازاڕیش نرخی یەك دۆلار نزیكەی هەزار و٣٠٠ دینارە، واتا لە بانكی ناوەندی ٥٠٠ملیۆن دۆلار بە هەزار و ١٦٦ دینار دەكاتە ٥٨٣ملیار دینار و لە بازاڕ ٥٠٠ملیۆن دۆلار بە هەزار و٣٠٠دینار دەكاتە ٦٥٠ملیار دینار".
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان هاوكات ڕوونیشی كردەوە، "پێشنیاز دەكەم لەجیاتی ئەوەی پارە رەوانەی بەغدا بكرێت كە ١٠رۆژی پێدەچێت تاوەكو دەگۆڕدرێت و ئەو زیانە بكەین، مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەران بە دۆلار بدرێت، چونكە هاوسەنگی لە نێوان دۆلار و دینار دروست دەكات و حكوومەت و هاووڵاتیانیش زیان ناكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەتوانێ هاوكاریی فەرمانبەران بكات لە پێدانی مووچە بە دۆلار، ئەو كات هیچ لایەك زیان ناكات".
بڵند ئیبراهیم




