فڕاكسیۆنی پارتی: كۆبانی پێویستی بە هەموومان هەیە.. بۆ ئاوەدانكردنەوەی درێخی ناكەین
__2015_03_07_h9m55s18__RM.jpg)
هەولێر -KDP.info- فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا پشتگیری بۆ پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەردەبڕن و، داوایش لە حكوومەتی هەرێم دەكەن هەر كارێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانی لە دەستیان دێت، درێخی نەكەن.
دەقی راگەیاندراوەكەی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان:
ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، پشتگیریی تەواوی خۆمان بۆ پەیامی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەردەبڕین و هەرچی لە دەستمان بێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانی درێخی ناكەین، دڵنیایشین كە هەر كوردستانییەك لە هەر شوێنێكی ئەم دونیایە دڵی بۆ یەكگرتن و یەكپارچەیی و یەكڕیزیی كوردستان لێ بدات، چاوەڕوانی سەركەوتنی گەورەتری كۆبانی و تەواوی كوردستانە، لێرەدا جێی خۆیەتی بەبیری هەموو لایەك بهێنینەوە كە لە سەر داوای جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان بە شانازییەوە بە گوێرەی بڕگەی یازدەیەم لە ماددەی دەیەمی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ژمارە (1)-ی ساڵی (2005)-ی هەمواركراو، بە مەبەستی پاراستنی ئاساییشی نشتیمانی لە مەترسییەكانی تیرۆر و كردەوەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، بڕیاری ژمارە (24)-ی لە رێككەوتی (15/10/2014)-ی دەركرد، بە گوێرەی ئەو بڕیارە مێژووییە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕەوانەی شاری كۆبانی لە رۆژئاوای كوردستان كرا، ئەمەیش بەڵگەیەكی بە هێزی یەكڕیزیی نەتەوەیی بوو لە قۆناخێكی هەستیاردا، بۆیە وێڕای دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل، خەڵكی خۆشەویستی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە بۆ قۆناخی دوای رزگاری، هەوڵی تەواو دەدەین كە جێدەستمان لە ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانی دیار بێت، هەروەها بڕوای تەواویشمان هەیە كە هەر وەك چۆن پەرلەمانی كوردستان بۆ رزگاركردنی شاری كۆبانی بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی دەركرد، ئەمڕۆیش بە هەمان گیانی هەستكردن بە بەرپرسیارەتییەوە بۆ قۆناخی دوای رزگاری پلان و بەرنامەی خۆی دەبێت. هەروەها سەرەڕای ئەو كێشە و گیروگرفتە سیاسی و ئابوورییانەی كە ڕوویان لە هەرێمی كردستان كردووە و كاریگەرییان لەسەر دامودەستگاكانی حكوومەتی هەرێم داناوە، بەڵام داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین هەر كارێك لە دەستیان بێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانی درێنی نەكەن و كۆبانی پێویستی بە هەموومانە .
سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان
فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
07-03-2015




