پێشمەرگە لەرێگەی بەعاج بۆ شنگال ٣ ئۆتۆمبێلی داعشانی تێک شکاند..٩ تیرۆریست کوژران

شنگال-KDP.info-فەرماندەی لیوای هەشتی هێزی پێشمەرگە کەمێک پێش ئێستا زانیاری پێڕاگەیاندین کە هێزەکانی پێشمەرگە لەڕێگەی بەعاج بۆ نێو شنگال بۆردومانی سێ ئۆتۆمبێلی داعشانیان کردووە و تێکیان شکاندوون و ٩ تیرۆریستیان کوشتوون.
"شوێنەکە رێگەی بەعاج و سوریا بۆ نێو شنگال بوو، سێ ئۆتۆمبێلی پڕ لە هاوکاری و تەقەمەنی تیرۆریستانی داعش بەڕێوەبوون، ئاخر ئەوان ئامانجیان بوو هاوکاری سەربازی بگەیننە تیرۆریستانی دیکەی نێو شنگال، پێشمەرگە پێیانی زانی و یەکڕاست هێرشی بۆ بردن و تەواوی ئۆتۆمبیلەکانی تێک شکاندن"، فەرماندەی لیوای 8ـی هێزی پێشمەرگە لە شنگال عەمید (هاشم سیتەیی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، وای گوت.
(هاشم سیتەیی) وردەکارییەکانی باسکرد کە، پێشمەرگە بە چەکی قورس و دۆشکە و هاون بۆردومانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی داعشانی کرد، "زانیاری تەواومان هەبوو کە هەر ئۆتۆمبێلەو شوفێرێک و دوو تیرۆریستی دیکەی لەگەڵە، کاتێ دەستکرا بە لێدانیان لەماوەیەکی زۆر کورتدا تەواوی ئۆتۆمبێلەکان تێکشکێندران و ٩ تیرۆریستیش کوژران".
(سیتەیی) دەیشڵێت، تیرۆریستان دەمێکە دەیانەوێ رێگەی بەعاج بۆ نێو شنگال داگیربکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی شوێنە ستراتیژییەکانی شنگال بەدەستی ئێمەوەن ناهێڵین بەهیچ شێوەیەک ئیدی ئەو تیرۆریستانە بێنە نێو شنگال و پێشڕەوەی بکەن.
(هاشم سیتەیی) ئامارێکی ئاشکراکرد کە، لەوەتەی ئەوان وەک لیوای هەشتی هێزی پێشمەرگە هاتوون بۆ شنگال تەنیا لە ماوەی یەک مانگ و دوورۆژدا زیاتر لە ١٥٠ تیرۆریستی داعش کوژراون و لەنێویشیاندا ٨ پلەی ئەمیری تیرۆریستان هەبوونە.
نەشوان بەرزنجی




