کەمال کەرکووکی: پێشمەرگە داعشی ڕاونا و پێنجشەش خانوویشیان بەسەردا ڕووخێندرا

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک-دوبز (د.کەمال کەرکووکی) دەڵێت، لە نزیک گوندی سمایلاوا، پێشمەرگە بە توندی بەرپەرچی تیرۆریستانی داعشی دایەوە و راویان نان تا لە گوندی سمایلاوای خزاندنەوەا، هەر لەو کات و ساتەیشدا بوو کە فڕۆکە شەڕکەرەکان پێنج تا شەش خانووی بەسەردا رووخاندن.
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک-دوبز (د.کەمال کەرکووکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، تیرۆریستانی داعش بە هاوەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان بۆردوومان کرد، بەڵام پێشمەرگە بە توندی بەرپەرچی دانەوە و وەهای بۆردوومان کردن تا خۆیان لە گوندی سمایلاوای نزیک خەرابەڕووت نایەوە، هەر لەو کاتەیشدا بوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆردوومانی کردن و زیانی گەورەی پێگەیاندن.
(د.کەمال کەرکووکی) گوتیشی، لەو بۆردوومانەدا ژمارەیەک تیرۆریست کوژران و ئۆتۆمبێلێک و دۆشکەیەکیان تێکشکێندرا. دەیشڵێت، جاران کە تیرۆریستان دەهاتنە پێشەوە و هێرشیان دەکرد، دوای ئەوەی پێشمەرگە راوی دەنان دەچوونەوە نێو گوندی سمایلاوا و فڕۆکە بۆردوومانی نەدەکردن، بەڵام ئەم جارە جیاواز بوو، فڕۆکە شەڕکەرەکان بۆردوومانی کردن و، پێنج تا شەش خانوویشی بەسەردا ڕووخاندن و گشت ئەوانەی لەنێو خانووەکاندا بوون، کوژران.
بڵند ئیبراھیم




