داعش مێژووی شاری نەمرودی ئاشوورییەکان دەسڕێتەوە

بەریتانیا-KDP.info-دوای ئەوەی داعش دەستیکرد بە خاپوکردنی شاری نەمرودی پایەتەختی جارانی ئاشوورییەکان، شوینەوارناسان و رۆشنبیرانی عێراق بەو کارە دڵگەران بوونە و لە راپۆرتێکی (بی بی سی)ـیدا نیگەرانییەکانیان دەخەنە ڕوو.
(بیبیسی) لە دەسپێکی راپۆتەکەیدا لەسەر زاری کۆمەڵێک سەرۆکهۆزی مووسڵ دەڵێ، کە خاپوورکردنی شاری نەمرودی پایتەختی جارانی ئاشوورییەکان لە رۆژی پێنجشەممەوە لەلایەن داعشان دەستی پێکراوە؛ هەڵبەت پەیکەرەکانیان شکاندوون و مەزارگەکانیشیان خاپوور کردوون.
بەڕێوەبەری دەستەی ڕۆشنبیری نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق (ئەلێکس پلاس) لەسەر تێکدانی نەمرود دەڵێ، ئەمکارەی داعش هێرشێکی دیکەی مەترسیداری داعشە بۆ وێرانکردنی شوێنەوارەکانی عێراق.
لای خۆشییەوە شارەزا و شوێنەوارناسی عێراقی (د. لامیا ئەلگەیلانی) بە بیبیسی گوت، داعش دەیەوێت مێژووەکەمان بسڕێتەوە. هەڵبەت داعش پێشتر رایگەیاندووە کە گشت مەزارگەو پەیکەرەکان خاپوور دەکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی (بیبیسی) نەمرود شارێکی دێرینە و کەوتووەتە کەناری ڕووباری دیجلە، لە چەرخی سیانزەی پێش زاییندا دۆزراوەتەوە و بە دووری (٣٠) کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی مووسڵ؛ کاتی خۆی دەستەڵاتی ئاشورییەکان بە باکوری میزۆپۆتامیادا بڵاوبووەتەوە و ئێستا ئەو ناوچانە کەوتونەتە ژێر فەرمانڕەوایی عێراق و، سووریا و، تورکیا.
بۆ ماوەی (١٥٠) ساڵ نەمرود پایتەختی ئاشورییەکان بوو، بەڵام لە کۆتاییدا بەرەو پوکانەوە چووە و نەماوە.
جێی ئاماژەیە، نەمرود ناوچەیەکی گەورە و بەرفراوانە و، ئاسەوارە دێرین و مێژوویەکانی لە مۆزەخانەکانی بەغدا و ناوچەکەدا هەڵگیراون و پارێزراون، بەڵام ژمارەیەک لە ئاسەوارەکان لە شاری نەمرود ماون چونکە قەبارەیان گەورەیە و نەتوانراوە بۆ مۆزەخانەکان بگوازرێنەوە.
و/ خالید ئەحمەد




