جەلەولا پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەیە..خەڵک نەگەڕاونەتەوە
جەلەولا-KDP.info-لەجەلەولاوە بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەوێ دەڵێ، جەلەولا وێرانکراوە و بەشی زۆری فەرمانگەی میری و ماڵەکانی هاووڵاتیان ڕمان، بۆیە خەڵکی ناگەڕێنەوە سەر هەوارگەیەکی وێران؛ پێویستە بڕیاری ئاوەدانکردنەوەی جەلەولا بەزووی بدرێت تا ژیان لەو شارەدێیە دەست پێبکاتەوە.
بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەجەلەولا (کامەران محەمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، شارەدێی جەلەولا بەجۆرێ وێرانکراوە کە زۆربەی فەرمانگەی میری و ماڵی هاووڵاتیان ڕماون، خەڵکی ناوچەکە ناچنەوە سەر هەوارگەیەکی وێران، هیچ هەوڵێکیش نییە کە ئاوەدانبکرێتەوە ئێ خەڵکی چۆن بگەڕێنەوە؛ پێویستە بڕیاری ئاوەدانکردنەوەی بۆ بدرێت و جارێکی دی ژیان لەو جەلەولا دەست پێبکاتەوە.
ئەوەشی گوت، نزیکەی ١٥خێزانی سەعدیە گەڕانەوە بۆ سەرماڵەکانیان، بەڵام بەھۆی نەبوونی ھیچ خزمەت گوزاریەک جارێکی دی ناچار بوون بگەڕێنەوە خانەقین.
(محەمەد) ئاماژەی کرد کە، لەئێستادا تەنھا پێشمەرگە و میلیشیای شیعە لە جەلەولا ھەن، کەسێکی دیکەی لێ نیە و هیچ هەوڵێک و بەرنامەیەکیش نیە بۆ ئەوەی خەڵکی بگەڕێننەوە بۆ نێو ماڵەکانیان.
بڵند ئیبراھیم




