٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە هۆی ئاسمانەهێرشەکانەوە 22 تیرۆریست کوژران

سەرچاوە: KDP.info

کەسکێ-KDP.info-  فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە میحوەری کەسکێ پێی ڕاگەیاندین، لە ئاکامی بۆردوومانی چڕی فڕۆکە شەرکەرەکاندا، لە میحوەری کەسکێ لانی کەم 22 تیرۆریست کوژراون. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی مووسڵیش دەڵێ، ڕێکخراوە تیرۆریستەکەی داعش پێنج گەنج و داوەرێکیان گولـلەباران کرد.


عەقید (نایف هەرکی) فەرماندە لە فەرماندەیی دهۆک- هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان- لە میحوەری کەسکێ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، بە چڕی بۆردوومانی بارەگاکانی تیرۆریستانی داعشیان لە میحوەری کەسکێ کردووە و گورزی باشیان لێ داون.


(نایف) گوتی، "بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئێمە کەوتوون، لە ئاکامی ئەو بۆردوومانەدا، لانی کەم 22 تیرۆریستی داعش کوژراون."


لە لایەکەی دیکەوە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، ڕێکخراوە تیرۆریستەکەی داعش پێنج گەنجی لە گەڕەکی سەلامییە کە دەکەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی مووسڵ گوللـەباران کردن، هۆکەیشێ ئەوە بووە کە لە بەرەکانی جەنگ هەڵاتبوون.


(سەعید مەموزینی) گوتیشی، هەر لە گەڕەکی سەلامییەی ڕۆژهەڵاتی مووسڵ داعشان دادوەری تاوانەکانی مووسڵ کە ناوی(عەبدوڵلا عەبدولوەهاب) بە بەرچاوی خەڵکەوە گوللەباران کرد، کە بۆ 4 مانگ بوو دەستگیریان کردبوو، بە تۆمەتی خزمەتکردنی ئیدارەی پێشووی مووسڵ.

هەژار مەموزینی

هەواڵی پەیوەندیدار