٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمەڵە دۆستێکی کورد لە پەرلەمانی ئەورووپاوە دێنە هەولێر

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا -KDP.info- کۆمەڵەی دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپادا کۆ بوونەوە و، بڕیاریان دا بەم نزیکانە سەردانی هەولێر بکەن.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 4/3/2015 لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆکسل، یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی 'کۆمەڵەی دۆستانی کوردستان' بەڕێوە چوو. ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی پەرلەمانتار چارلس تانۆک سەرۆکی کۆمەڵەکە و بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵەکە بەڕێوە چو؛ سەرەتا چارلس تەنۆک لە گوتەیەکدا خۆشحاڵی خۆی بۆ بەستنی یەکەم کۆبوونەوەی کۆمەڵەی دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا دەربڕی و، ڕایگەیاند بەم هەنگاوە کاری کۆمەڵەکە بە فەرمی دەست پێدەکا. هەرچی بەرنامەی کاری کۆمەڵەکەیشە، تانۆک ڕایگەیاند کە ئەم کۆمەڵە بە ئاسایی و هەر کات پێویست بێ، کۆ دەبێتەوە و، کەسایەتی و سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستانیش بانگهێشت دەکات. جگە لەوەیش لە بەرنامەی کۆمەڵەکەدایە لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی کوردستان بن لە گشت بوارێکدا. سەبارەت بە ئەرکی کۆمەڵەکەیش، تانۆک گوتی کە ئەرکی کۆمەڵەی دۆستانی کوردستان هەم بریتییە لە دابینکردنی پشتگیریی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان و، هەمیش هەوڵ دەدات دۆزی کورد بە گشتی و، پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، بە سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارەکانی ئەوروپابناسێنێت.
پاشان دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا، وتارێکی پێشکەش کرد و تێروتەسەل هەم باسی شەڕی داعشی کرد، هەمیش باسی ئەوەی کرد کە بەغدا چۆناوچۆن گەمارۆی کوردستانی داوە و، بوودجەی لێ بڕیوە؛ هەروەها ڕەوشی ئاوارە و پەناهەندەکانی هەرێمی کوردستانیشی باس کرد. ئاژگەیی گوتی وا کوردستان شەڕی دڕندەدترین تاقمە تیرۆریستی دنیا دەکات، کەچی بە داخەوە بەغدا نەک هاریکاریی هەرێمی کوردستان ناکا، بەڵکو قووتی خەڵکی کوردستانی بڕیوە! ئاژگەیی ئاماژەی بەو دووملیۆن ئاوارە و لێقەوماوەیش دا کە لە سووریا و، ناوخۆی عێراقەوە پەنایان هێناوەتە کوردستان و، باسی لەوە هات کە چۆن باری ئەو هەموو ئاوارەیە بازاڕ و، ڕەوتی خوێندنیشی کز کردووە لە هەرێمی کوردستاندا و، دیمۆگرافیای هەرێمی کوردستانیان گۆڕیوە.
نوێنەری حکوومەتی هەرێم سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی کۆمەڵەی دۆستانی کوردستانی کرد و، ڕایگەیاند کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی و، بە تایبەت نوێنەرایەتییەکەی لە یەکێتی ئەوروپا، کاری ئەم کۆمەڵەیانە پێ باشە و، پشتی دەگرن. لە پێناو سەرخستنی کاری کۆمەڵەی دۆستانی کوردستاندا، دلاوەر ئاژگەیی چەند بیرۆکە و پێشنیارێکیشی پێشکەش کرد؛ لەوانە بەستنی کۆڕ و کۆبوونەوە و گرتنی بۆنەی تایبەت بۆ ناساندنی زمان و دابونەریتی کورد بە پەرلەمانتارانی ئەورووپا.
پاشان ئەندامانی ئامادەبووی کۆمەڵەکە بە کورتی وتەی خۆیانیان پێسکەش کرد کە بە گشتی وتەکانیان بریتی بوو لە دەربڕینی پشتگیری و نیشاندانی ڕێز و پێزانین بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی و، ئاماژەیان بەوە دا کە هەریمی کوردستان لە باتی هەموو جیهانی ئازاد و وڵاتانی ئەوروپا، جەنگی تیرۆر دەکات. پەرلەمانتارانی ئەوروپایی هەروەها ستایشی ئازایەتی و دڵفراوانیی خەڵکی کوردستانیان کرد و، ڕایانگەیاند کە ئەوان هەموو هەوڵ و تەقەلای خۆیان دەخەنە گەڕ لە پێناو هاریکاریکردنی پتری هەرێمی کوردستان لە بواری سەربازی و مرۆییدا.

هەواڵی پەیوەندیدار