جێگری سەرۆککۆماری عێراق دەستخۆشی لە (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگە كرد

هەولێر-KDP.info-ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان (سەرۆک بارزانی) پێشوازی لە جێگری سەرۆککۆماری عێراق و پارێزگاری نەینەوا کرد..جێگری سەرۆککۆماری عێراق دەستخۆشی لە (سەرۆک بارزانی) و هێزی پێشمەرگە کرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش بەدەست هاتوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی 3ـی 2015 لە شاری هەولێر سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی) پێشوازی لە (ئۆسامە نوجەیفی) جێگری سەرۆككۆماری عێراقی فیدڕاڵ و (ئەسیل نوجەیفی) پارێزگاری نەینوا كرد.
لە دیدارێكدا كە فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كرا. هەروەها بارودۆخی شاری موسڵ و ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی مووسڵ و چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی هەنووكەیی و ڕزگاركردن و ئایندەی ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە كرایەوە كە لایەنە سیاسییەكانی عێراق هاوكار و هەماهەنگ بن لە شەڕی تیرۆریستان و ئەو شكستانەی بەسەر تیرۆریستاندا هاتووە سەرەتایەك بێت بۆ ڕزگاربونی هەموو شوێنەكان لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارە جێگری سەرۆككۆماری عێراق دەستخۆشی لە (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگە كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش بەدەست هاتوون و هیوایشی خواست تیرۆریستان لە مووسڵ و شوێنەكانی دیكەیش تووشی شكست بێن و ناوچەكان لە چنگی تیرۆریستان ڕزگار ببن.




