داعش هاتوچۆی لە خەڵکی مووسڵ قەدەغە کرد

مووسڵ-KDP.info- (عیسمەت ڕەجەب) بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرای کرد، داعش لە ترسی ئەوەی ناخافڵ لێیان بدەن، ھاتوچۆیان قەدەغە کردووە؛ خەڵکی بە دیوارەوە نووسیویانە داعش ئاخریەتی.
(عیسمەت ڕەجەب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ تیرۆرستانی داعش لە گوندی مەسقەلات لە شارۆچکەی تلکێف ھێرشیان هێنایە سەر پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە توند لێیان هاتنەوە دەست و، تیرۆریستێکیان لێ کوشتن و، سێانیشیان لێ بریندار کردن و، ئەو باقییەکەیان ڕاو نانەوە. لاشەی تیرۆریستەکە هەروا لە گۆڕەپانی شەڕەکەدا کەوتووە."
(عیسمەت ڕەجەب) گوتیشی: ماوەیەکە داعشەکانی ناو مووسڵ، لێیان خافڵکوژ دەکرێ، هەر بۆیە لەم بەیانییەوە، ھاتوچۆیان لەوێ قەدەغە کردووە."
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕوونیشی کردەوە، بەرپرسی ناوچەی ئەمنی لە ناوچەی ڕەشیدیە، پشتێنێکی بۆمبرێژکراوی پێ بووە لەگەڵ دوو چەکداری دیکەدا، چوونەتە ناوچەی فلفیل و، لە خانوویەکدا ویستوویانە پشوو بدەن، بەڵام کە جلەکانی داکەندووە، ناخافڵ دەستی ناوە بە پەلەپیتکەدا، پشتێنەکە تەقیوەتەوە و، ھەرسێانەکەیانی کوشتووە.
(عیسمەت ڕەجەب) ڕایشیگەیاند: "چەند کەس لە بازاڕای مستەفا لە ناوچەی سرجخانە نووسیویانە "وا خەریکە دەوڵەتی ئیسلامی دوای دەبڕێتەوە" و، "داعش گۆڕی خۆی کەندووە".
بڵند ئیبراھیم




