٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زامەکەی هەڵەبجە کولایەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- بە هۆی سەختی برینەكەیەوە یەكێكی دیكە لە بەركەوتوانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە گیانی لە دەست دا و، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەیش دەڵێت، لە ١٦ـی ئەم مانگەوە و، لەسەر ڕەزامەندی كەسوكارەكانیان ڕوفاتی حەفت شەهیدی كیمیابارانی هەڵەبجە بە خاك دەسپێرنەوە.

لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بریندارانی كیمیابارانەکەی هەڵەبجە، تا دێ برینەکەیان لێ سەخت دەکا و، ماوەماوە لێیان شەهید دەبێ."
گوتیشی بەركەوتەیەكی دیكەی چەكی كیمیایی بە ناوی (ئەكرەم ڕەشید) كە ناوی لە لیسی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە تۆمار كرابوو، هەرچەندە چەند جارێك ڕەوانەی ئێران كرابوو، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بەڵام لەبەر سەختیی برینەكەی دوێشەو شەهید بوو؛ بریندارانی کیمیابارانەکەی هەڵبەجە تا ئێستا ٨٨ کەسیان لێ شەهید بوونە و جارێکی دی زامەکەی هەڵەبجە کوڵایەوە."
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش كرد، ڕوفاتی حەفت شەهیدی دیكەی كیمیابارانی هەڵەبجەیان دۆزیوەتەوە كە ئێستا لە پزیشكی دادی سلێمانی هەڵگیراون؛ ڕەزامەندیی كەسوكاریان وەرگیراوە لە ڕۆژی 16/3 واتە لە 27ـەمین ساڵوەگەری كیمیابارانەکەی هەڵەبجەدا، سەعات ٣ـی نیوەڕۆدوا لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاك دەسپێردرێنەوە.
ئاسۆ عەلی

هەواڵی پەیوەندیدار