٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەمید ئەفەندی: داعش هانی خۆكوژەكانی دەدات خۆیان بتەقێننەوە.. پێیان دەڵێن دەرگای بەهەشتتان بۆ واڵا كراوە

سەرچاوە: KDP.info

باشیك -KDP.info- بەرپرسی میحوەری باشیك دەڵێت، شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش زۆر هەوڵیان دا لە رێگەی تیرۆریستی خۆكوژەوە هێرش بكەنە سەر پێشمەرگە و پێیان دەگوتن كە دەرگای بەهەشت بۆ ئێوە كراوەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان بتەقێنەوە، بەڵام پێشمەرگە رێگەی نەدا و تیرۆریستان شكستیان برد. جەختیشی كردەوە، تاوەكو ئێستا ئەركی پێشمەرگە رزگاركردن و پاراستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستانە.

بەرپرسی میحوەری باشیك (حەمید ئەفەندی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند:"شەوی رابردوو چەند خۆكوژێكی تیرۆریستانی داعش هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر هێزی پێشمەرگە و خۆیان بتەقێننەوە، بەڵام هێزی پێشمەرگە هەر زوو ڕووبەڕوویان بوونەوە و رێگەیان نەدا نزیك ببنەوە، لە ئامێرەكانی پەیوەندیكرنیشەوە دەبیسترا كە تیرۆریستان هانی خۆكوژەكانیان دەدا خۆیان بتەقێننەوە و پێیان دەگوتن برۆن دەرگای بەهەشت بۆ ئێوە واڵا كراوە، بەڵام نەیان توانی بێنە ناو سەرنگەرەكانی پێشمەرگە و شكستیان برد."
بەرپرسی میحوەری باشیك گوتیشی، داعش لەهەموو لایەكەوە ڕوو لە شكەست و لە كۆتایی نزیك دەبنەوە و لە ماوەیەكی نزیكدا نامینێن.
(حەمید ئەفەندی) ڕوونیشی كردەوە، تیرۆریستانی داعش بنكەی سەرەكییان مووسڵە، بۆیە هەموو هێزی خۆیان لەوێ كۆ دەكەنەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بكەن، بەڵام ئەگەر هێزی ئەمەریكا بگاتە عێراق، لە ماوەی ١٠رۆژدا كۆتایی بە داعش دەهێنن و مووسڵ ئازاد دەكرێت.
بەرپرسی میحوەری باشیك راشیگەیاند: "تاوەكو ئێستا ئەركی پێشمەرگە تەنیا پارێزگاریكردنە لە سنوورەكانی خۆی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، بەهیچ شێوەیەكیش بە ئێمە نەگوتراوە كە ئەركمان رزگاركردنی مووسڵیشە".
(ئەفەندی) زیاتر گوتی: "بەشداریكردنی پێشمەرگە لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ لەسەر رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و هاوپەیمانان دەمێنێتەوە، بەڵام بە رای من تەنیا سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزین و بەشداری لە شەڕی ئازادكردنی مووسڵدا نەكەین باشترە."

بڵندئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار