فڕاكسیۆنی زەرد پشتگیری لە داخوازییەكانی خەڵكی رانیە دەكات
__2015_03_05_h14m10s52__RM.jpg)
هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، "پشتگیری لە داخوازییەكانی خەڵكی رانیە دەكەین بۆ ئەوەی شارەكە ببێتە پارێزگا و لە ساڵی١٩٩٩ـیشەوە پەرلەمان بڕیاری لەسەر داوە، بەڵام بە هۆی هەندێك بارودۆخەوە تاوەكو ئێستا جێبەجێ نەكراوە".
گوتەبێژی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (محەممەد عەلی یاسین) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ساڵی ١٩٩٩ـدا پڕۆژەبڕیارێك پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كرابوو بۆ ئەوەی چەند ناوچەیەك لە هەرێمی كوردستان ببن بە پارێزگا، لەوانە هەڵەبجە و رانیە و ئاكرێ و سۆران و زاخۆ، بەڵام تاوەكو ئێستا تەنیا هەڵەبجە بووە بە پارێزگا كە كەیسێكی تایبەت بوو، چونكە لە ئێستادا حكوومەتی هەرێمی كوردستان زەحمەتە توانای هەبێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بكات، لەبەر ئەوەی كارێكی زۆری دەوێت و لە ئێستادا ئاسان نییە و هەرێمی كوردستان لە قەیرانی داراییدایە".
(محەممەد عەلی) ڕوونیشی كردەوە، "ئێمە وەكو فڕاكسیۆنی زەرد پشتگیری لە داواكاریی خەڵكی هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین، بە تایبەت ناوچەیەكی وەكو رانیە كە قوربانییەكی زۆری داوە و دەروازەی راپەڕین بووە و خەڵكی ئەو ناوچانە خۆڕاگر بوون".
بڵند ئیبراهیم




