ئێمینکی کۆنفرانسی 'لالشی نورانی' بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانێت

شنگال-KDP.info- جیگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د. جەعفەر ئێمینکی لە میانی بەشداری لە کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان کارەکانی ئەو کۆنفرانسەی لە ئەرێنی ناو برد، لەپێناو هێنانە کایەی دوارۆژێکی ڕوون و دانانی نەخشە ڕێگایەک بۆ ئەو ناوچانەی کەوتنە ژێر هەرەشە و داگیرکردن و، تاڵانکارییەکانی تیرۆریستانی داعش کە تاوانی قێزەونی وایان کردووە، ناچێتە هیچ ئەقڵێکەوە و، سەیر دنیایان کاول کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٤/٣/٢٠١٥ بە ئامادەبوونی د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان یەکەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە پەرستگای لالش لە شێخان بەڕێوە چوو.
لە دەرگاژەنانەی کۆنفرانسەکەدا کە نوێنەرانی سەرۆکی هەرێم و سەرکۆمار و نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و، مەلا و قەشە و، دیندارانی ئێزدی و پەرلەمانتارانی عێراق و کوردستان و نوێنەری وڵاتان و ڕۆشنبیرانیش هاتبوون، چەندین وتار پێشکەش کران و ستایشی ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکەیان کرد و تیشکیان خستە سەر پێکەوەهەڵکردن و پێکەوەژیان؛ هەمووان بە ئاشتی و کارکردن بۆ گەیاندنی هاوکاری و یارمەتی پێویست و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و نەینەوا دوای ڕزگارکردنی لە دەست داعش و، ئەو داتا و زانیاریانەش خرانە ڕوو کە داعش لە ماڵوێرانی و تاوانکاریی لەو دەڤەرەدا کردوویەتی.
د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە دەستخۆشیی لە گروپی ئاشتی ژنانی سەرکردە لە کوردستان کرد کە بە هاوکاریی ڕێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و پاڵپشتیی ڕێکخراوی هایڤۆس، ئەو کۆنفرانسەیان ڕێک خستووە.
د. جەعفەر هیوایشی خواست لەم کۆنفرانسە بە ڕاسپاردە و نەخشەڕێگای بەجێ دەربچن بۆ ئەوەی هەموو لا لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە دوای ڕزگارکردنی لە هەموو ڕوویەکەوە کاری شێلگیرانە بکەن و پێکەوەژیانی ئایینی و ئاشتیانەی پێکهاتەکان وەکو پێشوو پارێزراو بێ؛ ئەمە لەکاتێکدا شنگال و ئەو ناوچانە کە پەیوەستن بەجێبەجێکردنی مادە دەستوورییەکەی ١٤٠، ئەگەر حکوومەتە فیدراڵەکەی عێراق پێشتر ئەو مادەیەی جێبەجێ کردبا، ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانەش لەو دەڤەرە ڕوویان نەدەدا؛ لە کۆتاییدا بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە هیوای سەرگرتنی هەموو کارێکی کۆنفرانسەکەیشی خواست.




