سەرکردەیەک و، چوار تیرۆریستی داعش کوژراون

مووسڵ -KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتی، کە سەرکردەیەک و چوار تیرۆریستی داعش لە مووسڵ کوژراون؛ داعشیش لە تۆڵەیاندا، دەستی شەش کەسیان بڕیوە. بێجگە لەوە داودەرمانی نەخۆشخانەیەکیشیان تاڵان کردووە.
(عیسمەت ڕەجەب) بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەکدارەکانی کەتیبەکانی مووسڵ تیرۆرستێکی داعشیان لە ناوچەی عەرەبی لە لای چەپی شاری مووسڵ بە قەناس کوشت، کە کاری ئەوە بووە بە چەک ڕووبەڕووی فڕۆکە جەنگیەکانی ھاوپەیمانان دەبووەوە."
(عیسمەت ڕەجەب) گوتیشی، دوێشەو تیرۆرستانی داعش جارێکی دیکە لە ناوچەی شیفا چوونەتە سەر نەخۆشخانەکان و، داودەرمانیان ھەموو بردووە و، لە خەڵکیشیان داوە و، شوێنی داودەرمانیان لێیان پرسیوە.
ئەوەیشی خستە ڕوو، کەتیبەکانی مووسڵ لە ڕێ گۆگجەلیدا، بە نارنجۆک ھێرشیان کردە سەر ترۆمبێلێکی تیرۆریستانی داعش و، هەرسێ تیرۆریستەکەی سوار ترۆمبیلەکەیان کوشت.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕایشیگەیاند: "لە ناوچەی قاھیرەی شاری مووسڵ، کۆمەڵە چەکدارێکی نەناسراو، تەقەیان لە (قەحتان خەلیل) کردووە کە سەرکردەیەکی داعشان بووە و، بە (موجبەل) ناسرابوو؛ کابرا دەستبەجێ تێدا چووە."
ئاماژەیشی دا، تیرۆرستانی داعش لە ناوچەی بابل، بە بیانووی قسەکردن بە مۆبایل، دەستی شەش کەسیان بڕیوە.
بڵند ئیبراھیم




