گازپرۆمی ڕووسیا بوودجەیەكی بۆ ساڵیادی كیمیابارانەکەی هەڵەبجە تەرخان کرد
هەڵەبجە-KDP.info- لەساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا هیچ میوانێكی بیانی بانگهێشت ناكرێت؛ كۆمپانیایەكەی ڕوسیش بڕێك بوودجەی بۆ 27ـەمین ساڵوەگەڕی كیمیابارانی هەڵەبجە تەرخان کرد.
(لوقمان عەبدولقادر) سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ داهاتنەوەی ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە، سەرقاڵی تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی تایبەت بەو یادەین؛ ئەمساڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەڵەبجە و كەسوكاری شەهیدان خۆیان کۆڕی یائانینەوەکەی بەڕێوە دەبەن."
گوتیشی كۆمپانیای (گازپرۆم)ی ڕوسیا كە سەرقاڵی گەڕان و پشكنینە بە دوای نەوتدا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەدا بڕی 40ملیۆن دینار بوودجەی بۆ 27ـەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە تەرخان كردووە؛ لیژنەیەكی داراییشیان بۆ چۆنیەتیی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە پێك هێناوە
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە جەختی لەوەیش كردەوە بەبۆنەی قەیرانی دارایی ئەوبارودۆخەی كە بەهۆی هێرشی تیرۆریستانی داعشەوە هەرێمی كوردستان و عێراقی گرتووەتەوە، یادی ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە جیاواز دەبێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا بۆئەمساڵی یادی كیمیابارانی هەڵەبجە بەفەرمی هیچ مێوانێكی بیانییان بانگهێشت نەكردووە. لەگەڵ ئەوەشدا هەرمیوانیكی بیانیش لەسەر خواستی خۆیان ئامادەی ساڵیادەكە بن خۆشحاڵ دەبن.
لە 16/3/1988ـدا ڕژێمە لەناوچووەکەی بەعس بە دڕندانەترین شێوە و بە چەكی كیمیایی هێرشی كردە سەر هەڵەبجە و، دەوروبەری و، زیاتر لە پێنجهەزار هاووڵاتی شەهید بون و، بە سەدانی دیكەش بریندار؛ هێشتایش هەندێ لەو بریندارانە بە ئازاری ئەو چەكەوە دەناڵێنن.
ئاسۆ عەلی




