زانا ڕۆستایی: باشترین ڕێگە ئەوەیە نەوت بە بەغدا بفرۆشین و ئەوانیش پارەمان پێ بدەن.. بەغدا ڕازییە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێک لە بەغدا دەڵێ، باشترین ڕێگەچارە بۆ چارەکردنی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەیە کە نەوتی خۆمان بفرۆشینە بەغدا و، ئەوانیش پارەمان پێ بدەن؛ هەڵبەت بەغدایش ئەو پێشنیارەی کردووە و، ڕازی بووە ئەگەر کورد ئەمەی بوێت.
(زانا ڕۆستایی) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هێشتا ڕێککەوتنەکەی نێوان ھەرێم و بەغدا، جێبەجێ نەکراوە؛ شاندی کوردیش سەردانی بەغدا بکات ئەستەمە بگەنە ڕێککەوتن، چونکە کاتی خۆیشی شاندی باڵای ھەرێم و شاندی باڵای بەغدا کۆ بووبوونەوە و، ڕێکیش نەکەوتن."
(زانا ڕۆستایی)گوتیشی، پێویستە ھەرێم و، بەغدا نەرمی بنوێنن بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام ئەگەر سوور بن لەسەر ھەڵوێستی خۆیان، ئەستەمە ڕێک بکەون.
(ڕۆستایی) ڕوونیشی کردەوە، باشترین چارە بۆ کێشەی نێوان ھەرێم و بەغدا ئەوەیە کە ھەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێتە بەغدا و، ئەوانیش پارە بە ھەرێم بدەن؛ خۆی بەغدایش ئەو پێشنیارەی کردووە و، پێی ڕازی دەبێت، ئەگەر کورد ئەمەی بوێت.
بڵند ئیبراھیم




