پارتی: هەڵەبجەییەكان مافی خۆیانە ناڕەزایی دەربڕن

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان نارەزایەتیی خەڵكی هەڵەبجە لە بەرانبەر پێكنەهێنانی حكوومەتی خۆجێیی هەڵەبجە بە مافی ئەوان دەزانیت و دەشڵێت، "ئێمە لە ١٨-ی مانگی رابردوودا وەڵامی پێشنیازەكانی یەكێتی و گۆڕانمان داوەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەوان بێدەنگن".
ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان (زیاد كاكە رەزا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "گردبوونەوە و ناڕەزایەتیی خەڵكی هەڵەبجە مافێكی رەوای خۆیانە، بەڵام ئێمەیش وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان مافی خۆمانە لە پارێزگای هەڵەبجە پۆستێكی شاییستەمان پێ بدرێت بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی خەڵكی ئەو شارە بكەین".
(زیاد) گوتیشی، لە ١٨-ی مانگی رابردوودا پارتیی دیموكراتی كوردستان وەڵامی پێشنیازەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانی داوەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بێدەنگن و هیچ وەڵامێكیان نییە.
ڕوونیشی كردەوە، "ئێمە تاوەكو ئێستا چاوەڕوانی ئەو دوو لایەنە دەكەین بۆ ئەوەی بزانین چ وەڵامێكیان بۆ داواكارییەكانی ئێمە دەبێت".
ئەو هەروەها مكوڕبوونی پارتیی دیموكراتی كوردستانی لەسەر داواكارییەكانی لە پارێزگای هەڵەبجە دووپات كردەوە.
پێشتر بەرپرسی لقی ١٢-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە (فازڵ بەشارەتی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەوان پێشتر لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پۆستی قایمقامی هەڵەبجە رێك كەوتبوون، بەڵام لە كۆبوونەوەی رابردوودا داوایان كردووە كە ئەگەر ئەوان زۆر بە پۆستی قایمقام هەستیارن، با پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەن بە پارتی بدەن.
بڵند ئیبراهیم




