داعش دوو مزگەوتی دیکەیان لەناوەڕاستی شاری مووسڵ تەقاندەوە

مووسڵ-KDP.info-بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەمووسڵ ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش دوو مزگەوتی دیکەیان لەناوەڕاستی شاری مووسڵ تەقاندەوە و ھەر ئەمڕۆیش سەرکردەیەکی تیرۆریستانی داعش لەمووسڵ کوژرا.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەمووسڵ (عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:"تیرۆریستانی داعش ھەر یەکە لە مزگەوتەکانی 'ئەلئەعرەجی' و 'وەلعەمەری' لە ناوچەی باب جدید لە ناوەڕاستی مووسڵ تەقاندەوە.
(عیسمەت رەجەب)گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ کەتیبەکانی مووسڵ سەرکردەیەکی داعشیان بەناوی (بەشار غانم عەلی) کە ناسراوە بە (ئەبو حەمزە) لەنزیک پڕۆژەی نیشتەجێبوونی عێراقی کە دەکەوێتە نزیک نەخۆشخانەی ئەڵمانی بەرامبەر بارەگای سەرکردایەتیی فیرقەی سێی پۆلیسی لسەر رێگەی گشتیی لەلای راستی شاری مووسڵ کوشت.
بڵند ئیبراھیم




