٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دانانی شارۆچکەوان و شارەدێوان درایە دەست ئەنجوومەنەکان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد و، پڕۆژەیاسای دانانی شارۆچکەوان (قایمقام) و شارەدێوان (بەڕێوەبەری ناحیە)ی پەسەند کرد و دەستەڵاتی دانای شارۆچکەوان و شارەدێوانەکانی دایە دەست ئەنجوومەنەکان.
(مەردان زێباری) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی کوردستان دوای بڕانەوەی پشووی یاسادانان، یەکەم کۆبوونەوەی خۆیانیان کرد و، پڕۆژەبڕیاری دانانی شارۆچکەوان و شارەدێوانانی ھەرێمی کوردستانیان پەسەند کرد."
(مەردان زێباری) گوتیشی: "پێشتر ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراوە، بەڵام ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارۆچکە و شارەدێیەکان ماوە و، نەکراوە، بۆیە بەپێی ئەو پڕۆژەبڕیارە تاوەکو ھەڵبژاردن دەکرێت، پارێزگار دەتوانێ کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستی شارۆچکەوانی یاخود شارەدێوانی بە ئەنجوومەنی پارێزگا بناسێنێت و، ئەگەر زۆرینەی ڕەھای ئەوانیش پەسەندیان کرد، ئەوا ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی دەکەن و، لەوێیشەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت و، لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا پەسەند دەکرێت."
(زێباری) ڕوونیشی کردەوە، ھەر بەپێی ئەو پڕۆژەبڕیارە، پارێزگار دەسەڵاتی لابردنی شارۆچکەوان یاخود شارەدێوانیشی دەبێت، هەروەک چۆن دانرابوو؛ جا ھەرکاتێک ھەڵبژاردن کرا، ئەو پڕۆژەبڕیارە ھەڵدەوەشێتەوە.
بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار