٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرێکی سیاسی: ئەورووپا لە پێوەندی دیپلۆماسییدا لەگشت وڵاتانی دیکەی ناوچەکە زیاتر بایەخ بە کورد دەدات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێ، ئەورووپا لە پێوەندی دیپلۆماسییدا لەگشت وڵاتانی دیکەی ناوچەکە زیاتر بایەخ بە کورد دەدات؛ ئیدی کاتی کرانەوەی دەرگایەکی بێوەیە لەهەناردەی نەوت بۆ ئەورووپا، تا وەک کارتێکی گوشاریش لەدژی بەغدا بەکاربهێنرێت.

(عەبدولحەکیم خەسرەو) مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لە ئاستێکی باشدایە و، ئەو پەیوەندییە کاریگەری ھەبوو لەسەر بەرگریکردنی وڵاتانی ڕۆژاوا لە ھەرێمی کوردستان، لەوانە ئەمەریکا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و بەریتانیا و فەرەنسا، ئەمیش وای کردووە ھەرێمی کوردستان پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە گەیشتبێتە ئاستێکی زۆر باش و، پێویست دەکات ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە دەرگایەکی بێوەی بۆ ناردنەدەروەی نەوت بۆ ئەو وڵاتانە بکاتەوە، بۆ ئەوەی وەکو کارتێکی گوشار بەرانبەر بەغدای بەکار بێنێت."
(عەبدولحەکیم خەسرەو) گوتیشی، مەبەست لە سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئیتالیا ئەمە بەشێکە لە ھەوڵە دیپلۆماتیکەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا و، گەیاندنی دەنگی گەلی کورد و بارودۆخی ھەرێمی کوردستان بە ڕای گشتیی ئەورووپا، چونکە ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکانی ھەرێمی کوردستان زۆر بەرزترە لەچاوی پەیوەندی وڵاتانی ھەرێمی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا، هەڵبەت ئەورووپا لە پێوەندی دیپلۆماسییدا لەگشت وڵاتانی دیکەی ناوچەکە زیاتر بایەخ بە کورد دەدات.
(خەسرەو) ڕایشیگەیاند: "پاپای ڤاتیکان ئەوان لە ڕووی پەیوەندییەوە لە ئاستێکی دیاریکراو پەیوەندیی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکان دەکەن و، ئەمپێشوازییەی ڤاتیاکان لە سەرۆکوەزیرانی کوردستان گرینگیەکی زۆری جیهانی هەیە،
جگە لەوەش ھەرێمی کوردستان تاکە شوێنە کە مەسیحییەکانی عێراق تێیدا بە شێوەیەکی ئارام دەژین، بۆیە سیاسیەتی ھەرێمی کوردستان بەرانبەر بە مەسیحییەکان وای کردووە بە شێوازێکی  گشتی پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیتالیا و ڤاتیکاندا بەھێزتر ببێ."
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار