شەشۆ داوای کشانەوەی حەشدیشەعبی دەکات.. بێنە پێشەوە زەرەر دەکەن

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شنگال ڕایگەیاند، سەرۆكی هەرێمی کوردستان، لە جیاتی هەموو ئێزدییەكان قسە دەكات و، هیچ ئێزدییەک پێی خۆش نییە حەشدیشەعبی بێتە ناوچەی ئێزدیان؛ با حەشدیشەعبی لەو ناوچانەی هاتوونەتە پێشەوە بکشێنەوە ئەگەرنا زەرەر دەکەن.
فەرماندە (قاسم شەشۆ) وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت: "ئێزدییەكان بە هیچ شێوەیەك لەو ناوچانەی یەك ئێزدی لێ نیشتەجێنە قبووڵ ناكەن 'حەشدیشەعبی'ـی لێ بێت، ئەگەر برای منیش بەرپرسی هەموو حەشدیشەعبیەكان بێت قبووڵ ناكەین بێنە ناوچەكانی ئێمە، جا بۆیە داوا داكەین هەرچی زووە لەو شوێنانەی هاتوونەتە پێشەوە بكشێنەوە ئەگەرنا زەرەر دەكەن."
(شەشۆ) گوتیشی: سەرۆكی هەرێمی کوردستان، لە جیاتی هەموو ئێزدییەكان قسە دەكات، ئەو دەنگۆیە ڕاست نییە گوایە هەندێك ئێزدی پێیان خۆشە حەشدیشەعبی بێتە ناوچەكە، (سەرۆک بارزانی) چی بڵێت و چی بكات، ئێمە لەگەڵ ئەوداین و پێشمەرگەی بارزانینە.
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە ئاشكرایشی كرد، ورەی پێشمەرگە لە شنگال و شوێنەكانی دیكە زۆر بەرزە و، لە هیچ شوێنێكی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمدا پێویستمان بە حەشدیشەعبی نییە.
(قاسم شەشۆ) ئاشكرایشی كرد، گەڕانەوەی خەڵك بۆ ناوچە ئازادكراوەكان بەردەوامە و، ڕۆژانە بە دەیان خێزان دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە حكوومەتی عێراق هیچ هاوكارییەک پێشكەش بەو ناوچە ئازادكراوانە نەكردووە بۆ ئەوەی خەڵكی ناوچەكە بگەڕێنەوە، ئەوەی لەو ناوچانە دەكرێت هەموو حكوومەتی هەرێمی كوردستانە."
ڕابین شێروانی




