هۆشدارییەکی توند دەدرێتە لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە

هەڵەبجە-KDP.info- بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر پێكنەهێنانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە و، ڕێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی ئەو پارێزگایە، چالاكوانان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی گردبوونەوەیەی ناڕەزایەتیان کرد.
ئاراس محەمەد یەكێك لە بەشداربووانی گردبوونەوەكەی ئەمڕۆی پارێزگای هەڵەبجە، وای بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت: "وا خەریكە ساڵێك بەسەر واژۆكردنی بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەدا دەچێت، بەڵام تائێستا هیچ شتێكی فەرمی بۆ هەڵەبجە نەكراوە، بەڵكو ئەوەی كراوە تەنها بڕیاری سەر کاغەزە و نەبووەتە كردار؛ بۆیە ئەمڕۆ وەك چالاوانان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بە باشیان زانی وەك بەئاگاهێنانەوەیە بۆ ئەو لایەنانەی كە هۆكاری پێكنەهێمانی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە گردبوونەوەیەی ناڕەزایەتی بکەن."
گوتیشی: "لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجەدا گرد بووینەتەوە، بەڵكو لایەنە سیاسییەكان وەفایان بۆ خوێنی شەهیدانی هەڵەبجە هەبێت، هەر یەكە و لە شوێنی خۆیەوە سازش لەسەر داواكاریەكانیان بكەن، بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی حزبەكانیان نەخەنە بەر بەرژەوەندی گشتییەوە."
ئەو بەشدارەی گردبوونەوەكەی ئەمڕۆی پارێزگای هەڵەبجە، جەختی لەوەیش كردەوە گردبوونەوەكەی ئەمڕۆ سەرەتای دەستپێكردنی چالاكییەكانیانە؛ ئەگەریش لە زووترین كاتدا پارێزگار دەستبەكار نەبێت و پۆستە ئیدارییەكانی دیكەش یەكلایی نەكرێنەوە، بێگومان هەڵویستی توندیان دەبێت، تەنانەت ڕێگە نادەن هیچ لایەنێكی سیاسی هەڵەبجە لە یادی 16/3 بێت بۆ مەراسیمی ساڵوەگەڕی كیمیابارانی هەڵەبجە.
ئاسۆ عەلی




