ئێمینکی: پێشمەرگە گورزی گورچکبڕی لە داعش وەشاندووە
پەرلەمان-KDP.info- (جەعفەر ئێمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پێشوازیی شاندێکی کەنەداییدا، ڕایگەیاند کە هێزەکانی پێشمەرگە گورزێکی گورچکبڕیان لە داعش وەشاندووە؛ ڕاستە هێزەكانی پێشمەرگە قارەمانانە شەڕ دەکەن، بەڵام پێویستە چەكی قورسی زیاتریشیان بگاتە دەست پێشمەرگە، تا بە زووترین كات و كەمترین قوربانی داعش بە یەكجاری لەناو ببرێت.
ئەمڕۆ 3/3/2015 د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كەنەدایی كرد كە لە مەجید شافعی دامەزرێنەر و سەرۆكی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکەی جیهانێکی ئازاد بۆ مافی مرۆڤ و، براد پیت ئەندامی ئەندامی پەرلەمانی كەنەدایی و ئەندامی پارتە دەسەڵاتدارەکەی پارێزگاران و، لند سای لە ڕێكخروای دەرمانی جیهانی و یارمەتی پزیشكی و غادە حەمدان سیاسی و چالاكوانی مافی مرۆڤ و مەزڵووم یاقۆ نوێنەری ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری لە كەنەدا پێك هاتبوون.
لە دیدارێكدا كە كەمال یەڵدا و وەحیدە یاقۆ و لینا عزریا ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئامادەی بوون، سەرۆكی شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیانی بە سەردانی پەرلەمانی كوردستان و ئەو دیدارە نیشان دا و، ئەوەی خستە ڕوو دوابەدوای هێرشهێنانی داعش، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و دەرمان و پێداویستیی پزیشكییان بۆ ئاوارە و لێقەوماوان هێناوە و، ئێستایش وا خەریکن هەوڵ دەدەن حەوانگەیشیان بۆ دابین بکەن.
هاوكات ئەوەیان خستە ڕوو هەرێمی كوردستان لە ڕووبەرووبونەوەی داعشدا، ئەوەی سەلماند پشتیوانی لێقەوماوان و ئاوارەكانە و، سەرەڕای گرفتەكانی خۆی، ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە لە هەموو پێكهاتە و نەتەوە و ئایینەكانی لە خۆ گرتووە؛ ئەمە گەورەییەکەی گەلی كوردستان نیشان دەدات، بۆیە سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەربڕی. براد پیت ئەندامی ئەندامی پەرلەمانی كەنەدا سڵاوی سەرجەم پەرلەمانتاران و سەرۆكوەزیرانی كەنەدای بە خەڵكی كوردستان گەیاند و، ڕایشیگەیاند بەر لەم سەفەرەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی كەنەدادا كۆ بووەتەوە كە پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازی بۆ دووپات كردووەتەوە، بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بەسەر داعشە تیرۆریستاندا سەر بكەوێ و، ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان خۆشحاڵی خۆی بە دیداری شاندەكە نیشان دا و، سوپاسی كردن بۆ بایەخدان بەو ڕەوشەی هەرێمی كوردستان و پوختەیەكی لەبارەی ڕەوشی سیاسی و سەربازی و مرۆیی خستە ڕوو دووپاتی كردەوە، خزمەتكردنی ئاوارە و لێقەواماوان و، هەموو ئەوانەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەركە لەسەر شانمان، بەڵام بەهۆی ئەو ڕێژە زۆرەی ئاوارە و، لێقەوماوانەوە لە توانستی حكوومەتی هەرێمدا نییە كە ئێستا بەو قەیرانە داراییە تێپەڕ دەبێ بتوانێ هەموو هاوكارییەكیان پێشكەش بكات و سوپاسی هەموو ئەو ڕێكخراوانەی كرد كە هاوكار و پشتیوانی ئاوارەكان دەكەن و لەبارەی هێزی پێشمەرگەش گوتی داعش زەبری گورچكبری بەركەوتوەو هێزەكانی پێشمەرگە ڕۆژ بە ڕۆژ سەركەوتن وەدەست دێنن، بەڵام پێویستە چەكی قورس زیاتر بگاتە دەستیان، تاوەكو بە زووترین كات و، كەمترین قوربانی داعش بە یەكجاری لەناو ببەن هاوكات سوپاسی هێزە سەربازیەكانی وڵاتانی دیموكراتی كرد كە هاوكاری سەربازی پێشكەشی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن
هەر لەدیدارەكەدا ئەندامانی پەرلەمان ئەوەیان دووپاتكردەوە ئێستا هەرێمی كوردستان بۆتە نەوای ئارامی هەموو ئاین و پێكهاتەو نەتەوەكان و هێزەكانی پێشمەرگە هەموویانی پاراستوە؛ بۆیە پێویستە وڵاتانی جیهان هاوكاریی سەربازی و چەكی قورس بگەیێننە پێشمەرگە و لە ڕووی مرۆییەوە خزمەتی زیاتری ئاوارەكان بكرێ.




