سەرچاوە دارییەکانی داعش لە وشکبوندان

ئەمەریکا-KDP.info-بەرپرسی باڵای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریکا (جەیمس کلاپەر) رایگەیاند کە، ئەمەریکا ناهێڵێ پارە بگاتە دەستی داعش؛ هەڵبەت لەبەر بۆردومانی فڕۆکەجەنگییەکانیش وەکجاران تیرۆریستان ناتوانن نەوت بفرۆشن، بۆیە وا خەریکە سەرچاوە داراییەکانیان وشکبێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دەنگیئەمەریکا، داعش بە توندوتیژی، قووتی خۆی بڕیوە؛ (جەیمس کلاپەر) بەرپرسی باڵای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا لە نیویۆرک گوتی، بەو کوشتارەی داعش لە خەڵکی لاشەڕ (مەدەنی)ـی کرد، دنیا بە تایبەت خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسییانی و، زانییان چەندە دڕ و وەحشن.
هەڵبەت گوتیشی کە، فرۆشتنی نەوت لە بازاڕی ڕەشدا و، ڕفاندن و فرۆشتنەوەی خەڵک و، فرۆشتنی ئەندامی لەشی مرۆڤ و، فرۆشتنی کۆنینە و، بەتاڵانبردنی مڵک و ماڵی خەڵک ئەمانە هەمووی تاڵانکاری مرۆڤایەتی و نارەوشتی تیرۆریستانن.
کلاپەر دەڵێت، جاران داعشدۆستان خێریان پێ دەکرد، بەڵام ئێستا لێیان هەڵگەڕاونەتەوە و، پارەیان بۆ نانێرن، ئاخر هەم خەڵک لە نیازە خراپەکەی داعش تێ گەیشتن، هەم ئەمەریکا لێ ناگەڕێ پارەیان بگاتە دەست.
دیارە داعش جاران بە نەوتفرۆشی لە بازاڕی ڕەشدا پارەیەکی زۆری پەیدا دەکرد، وەکچۆن (جەیمس کلاپەر) بەرپرسی باڵای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریکا ئاماژەی پێ دەدا، لەبەر ئاسمانەهێرشەکانی هاوپەیمانان، داعش وەک جاران نەوتی پێ نافرۆشرێ؛ هەڵبەت کلاپەر دەێشڵێت هێشتا زۆری ماوە بە تەواوەتی دەستیان لە نەوت ببڕین، کاری زۆری دەوێ؛ دەشێ جەماوەریان لێ بتۆرێنین و، بەرنامەیەکی نێودەوڵەتییش بۆ لەناوبردنی سەرچاوە داراییەکان و پێگەکانی داعش لە سووریا دابڕێژین.
و/ خالید ئەحمەد




