٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: بە دەستووری عێراقەوە پابەندین

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆما-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) جەختی لە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە دەستووری عێراق کردەوە و راشیگەیاند کە، هەولێر ئامادەیە هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغدادا چارە بکات.


ئەمڕۆ سێشەممە و لە رۆمای پایتەخت، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و (پاولۆ جێنتی لۆنی) وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆ بوونەوە و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجام دا.

لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا (نێچیرڤان بارزانی) سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاریی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا دەربڕی و گوتی "ئەو هاوکارییانە هۆکار بوون بۆ سەرکەوتنمان". خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیتاڵیا و سوپاسی هاوکارییەکانی ئەو شی کرد.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا جەختی کردەوە کە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی کوردستان و گوتی "ئامادەییمان تێدایە بۆ هەموو هاوکارییەک لە هەموو بوارەکاندا".

لە کۆنگرەکەدا (نێچیرڤان بارزانی) هیوای خواست تا وڵاتانی جیهان لە ئەرکی پێشمەرگە تێبگەن لە شەڕی داعشدا و، ئەو شەڕە بە تەنیا شەڕی کورد نییە، بەڵکو شەڕی مرۆڤایەتییە و پێشمەرگە لە هێڵی پێشەوەی بەرگریدایە، "بۆیە هیوادارین هاوکارییەکان بەردەوام بن و بەهەموو لایەک بتوانین ئەو تیرۆریستانە لەنێو ببەین".

جگە لە شەڕی داعش و دۆخی ئەمنی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی (نێچیرڤان بارزانی) و وەزیری دەرەوی ئیتاڵیا بووە. لەبارەی هەڵوێستی ئیتاڵیا، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی "هەڵوێستی ئیتاڵیا ئەوەیە خۆمان لەنێوخۆدا کێشەکانمان چارە بکەین و دیارە کە ئەو وڵاتە هانمان دەدەن بۆ گفتوگۆی زیاتر".

یەکێک لە رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکان پرسیاری ئەوەی لە (نێچیرڤان بارزانی) کرد، کە ئایا دوای شەڕی داعش، هەرێمی کوردستان دیسان داوای هاوکاریی لە وڵاتانی جیهان دەکات بۆ ئەوەی بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت؟، لە وەڵامدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە تاوەکو ئەم ساتە پابەندین بەو دەستوورەی سەدا 80ـی خەڵکی عێراق دەنگیان بۆی داوە. ئەوەی گرینگە ئەوەیە بەغدا واقیعبینانە سەیری کێشەکان بکات و ئێمەیش ئامادەین بۆ چارەی کێشەکانمان، ئەولەیەتیشمان لەئێستادا شەڕی داعشە."

هەواڵی پەیوەندیدار