كوردستان ده‌روازه‌ی ئابووری خۆی له‌گه‌ڵ ئێران فراوانتر ده‌كات... ملیارێك دۆلار بازرگانیمان هه‌بووه

هه‌ولێر -KDP.info- ڕێكخه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ كاروبارى كۆمارى ئیسلامى ئێران ئاماژه به‌وه ده‌كات كه گرنگه هه‌رێمی كوردستان په‌ره به په‌یوه‌ندیه بازرگانییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بدات؛ به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت بڕیاری داوه سیاسه‌تە ئابوورییەکەی خۆی فراوان بكات.
(عه‌بدوڵا ئاكره‌یی) ڕێكخه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ كاروبارى كۆمارى ئیسلامى ئێران به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان گرنگه سیاسه‌تە ئابوورییەکەی خۆی فراوان بكات له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتانی ده‌رودراوسێدا، چونكه پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه‌ی یه‌ك داهات، به تایبه‌تی نه‌وت له‌وه ده‌چێت تووشی ته‌نگژه و، چه‌ڵه‌مه‌مان بكاته‌وه؛ بۆیه بڕیاره ئه‌و سیاسه‌ته ئابوورییه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان بیكات، زۆر گرنگه له‌م ڕووه‌وه كۆماری ئیسلامیی ئێران، ماوه‌ی چه‌ند ساڵه په‌یوه‌ندیی بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و، لەو چەند ساڵەدا، بازرگانیی ئێران و هه‌رێمی كوردستانیش گه‌یشتووەته ملیارێك دۆلار كه ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌كی باشه بۆ په‌یوه‌ندیی بازرگانی نێوان هه‌ردوو لا."
(عه‌بدوڵا ئاكره‌یی) گوتیشی: "ئه‌گه‌ر توركیا ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ بێت بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان، ئه‌وه ئێمه ده‌بێت زۆر خۆشحاڵ بین به‌وه‌ی وڵاتێكی وه‌ك توركیا ده‌رگامان بۆ ده‌كاته‌وه، تا نه‌وتی خۆمان له‌وێوه بفرۆشین به جیهان؛ گرنگیشه ئێمه له ڕووی پێداویستی و كه‌لوپه‌لی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتیان، ئێران بكه‌ینه یه‌كێكی دیكه له سه‌رچاوه گرنگه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته حكوومه‌ت ده‌بێت، ڕێككه‌وتنی ستراتیجیکی ئابووری له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته بكات."




