پەرلەمان ئەمڕۆ دوو پڕۆژەیاسا دەخاتە بەر باس

هەولێر-KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، پاش دوو مانگ لە پشووەکەی، پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ دانیشتنە ئاساییەکانی دەست پێ دەکاتەوە و، لە یەکەم کۆبوونەوەیشدا پەرلەمانتاران دوو پڕۆژەیاسا تاوتوو دەکەن.
(فەخرەدین قادر) سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دوێنێ دووشەممە بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پشووی پەرلەمان بڕایەوە و، بڕیارە سبەی(ئەمڕۆ سێشەممە) پەرلەمانی کوردستان دەست بکاتەوە بە کار؛ لە یەکەم کۆبوونەوەشدا پەرلەمانتاران دوو پڕۆژە یاسا تاوتوێ دەکەن."
(فەخرەدین) دەربارەی پڕۆژەیاساکان گوتی: "یەکێکیان پڕۆژەبڕیاری دانانی شارۆچکەوان (قایمقام) و شارەدێوان (بەڕێوبەری ناحیە)کانە و، ئەوی دیکەیشیان پڕۆژەیاسای داھاتی نەوتە."
پەرلەمانی کوردستان مانگی یەک و دوو پشووی یاسادانانی بوو، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەوە پشووەکە بڕایەوە.
بڵند ئیبراھیم




