لە خۆسەپاندنی حەشدیشەعبی بێدەنگ نابین

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان کۆ بووە و، تێدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لەڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمان داوا لە حکوومەت بکرێت ھەڵوێستی ھەبێت لەبارەی بوونی حەشدیشەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە ھەرێم، چونکە پێیان وایە بوونی ئەو ھێزە لە ناوچەکە ئارمانجدارە و مەترسیدار.
ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان (محەمەد سادق سوورچی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەکەیان کۆ بووەتەوە و، باسی ئەوەیش کراوە کە پێویستە ھەڵویستیان ھەبێت لەبارەی بوونی حەشدیشەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، چونکە بوونی ئەو ھێزە مەبەستێکی ئاشکرای ھەیە و، دەبێتە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە."
(محەمەد سادق سوورچی) گوتیشی، ھێزی حەشدیشەعبی بە ھەمان شێوەی ڕژێمی بەعس کە فەوجی دروست کرد و، 'نووری مالیکی'ـیش ھێزی سەحوەی دروست کرد و، ئێستا حەشدیشەعبی بۆ ناوچەکانی کەرکووک و، دەوروبەری دروست دەکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی گوت، ئێمە وەکو لیژنەی پێشمەرگە ڕاپۆرتێک ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین و، ئەوانیش داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن ھەڵوێستیان ھەبێت لە بەرامبەر بوونی ھێزی حەشدیشەعبی، چونکە ھەر کارێک دژی بەرژوەندیی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بکرێت ئێمە دژی دەوەستینەوە.
(سوورچی) ئاماژەیشی دا، ھەموو ئەندامانی لیژنەی پێشمەرگە لەبارەی بوونی حەشدیشەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم یەکهەڵوێستن.
بڵند ئیبراھیم




