ئۆجەلان: بارزانی نەمر ڕەمزی یەکبوونی گەلی كوردستانە..کوردی فێری خەبات و تێکۆشان کرد

هەولێر-KDP.info- عوسمان ئۆجەلان دەڵێ،" (بارزانی نەمر) ڕەمزی یەكبوونی گەلی كوردستانە، لە سایەی كەسایەتی (بارزانی نەمر) كورد بووە خاوەن بڕیار و، فێری خەبات و تێكۆشان بوو".
(عوسمان ئۆجەلان) سیاسەتمەداری كورد وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت: "لە 36ـەمین ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی (بارزانی نەمر) داوا لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم یەكڕێزی و یەكگوتارییەکەی خۆیان بپارێزن، بۆ ئەوەی زیاتر بەسەر كۆسپەكاندا سەر بكەون.
گوتیشی: (بارزانی نەمر) نەك تەنیا سەرۆكی حزبێك بوو، بەڵكو سەرۆكی نەتەوەی كورد بوو، ئەو زیاتر لە نیو سەدە لە پێناو ڕزگاركردنی نەتەوەكەی خەباتی كردووە، لە سایەی كەسایەتیی (بارزانی نەمر) كورد بووە خاوەن بڕیار و فێری خەبات و تێكۆشان بوو، (بارزانی نەمر) لە یەكەم ڕۆژی تا دوا هەناسە خزمەتی گەلی كوردی كردووە.
(عوسمان ئۆجەلان) ئاشكراشی كرد، (بارزانی نەمر) زانایەكی گەورە بوو بۆ كورد، پێشوەخت دەیزانی چ دەقەومێت، دژمن چەند بەهێزتر دەبوو، ئەو دوو ئەوەندە بە سەریدا سەر دەكەوت.
ئاماژەی بەوەش كرد، هەر كەسێك لە خەبات و تێكۆشانی (بارزانی نەمر) تێگەیشتبێت خەبات دەكات و لە پێناو گەلەكەیدا دەژیێت، چونكە ئەو بۆ گەلەكەی ژیاوە و لە یەكەم ڕۆژەوە تا دواهەناسەی بەرگریی لە مافەكانی كورد كردووە و، ئامادە نەبوو یەك ڕۆژیش سازش لەسەر مافەكانی كورد بكات.
ڕابین شێروانی




