فرانک وەڵف: هەرێم کەمینەکانی پێ دەپارێزرێت

ئەمەریکا -KDP.info- فرانک وەڵف سیناتۆری خانەنیش ــ نوێنەری جارانی هەرێمی ڤێرجینیا ــ لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆی ئەمەریکا و تەلەفیزیۆنی (دەبلیوئێندی)ـدا، داوای لە وڵاتەکەی کرد کەمینە نەتەوەکانی عێراق بپارێزێت و، هاوکارییەکی چاکی پێشمەرگەی کوردستانیش بکات.
وەڵف دەڵێت: "پێویستە نەینەوا بکرێتە پارێزگایەکی بێوەی، با جێی هەمووانی تێدا بێتەوە و، هێزێکی نیشتمانییشیان بۆ دامەزرێنین؛ پێویستە ئەمەریکا ئەو کارە بکات، ئەگەرچی من متمانیەکی زۆریشم بە ئەمەریکا نییە کەمینەکان و، تەنانەت دیان (عیسایی)ـەکانی عێراق و سووریایش بپارێزێت."
وەڵف، لە قسەکانیدا دەڵێت، ئەگەر تا چەند مانگێکی دی بە هانای دیانەکانی ناوچەکەوە نەچین، ئەوا داعش قڕیان دەکا. جا با ئەمەریکا پشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بگرێت، چونکە مەرگی داعش لە مشتی ئەواندایە. وا داعش بە چەکە پێشکەوتووی دەستکردی ئەمەریکا شەڕ دەکات و، پێشمەرگەش بە چەکی کۆن و کەچە، ئاخر ئەوە کەی دەچێتە ئەقڵەوە!
ناکرێت ئێمە لەو ستراتیژییە بەردەوام بین و، هاوکارییە سەربازییەکان لە ڕێگەی عێراقەوە بنێرین و ئەویش لای خۆی گلیان بداتەوە و، بۆ پێشمەرگەیان نەنێرێت.
فڕانک وەڵف ماوەی پێشوو لەگەڵ تیمێکی سیناتۆرەکانی کۆنگرێس لە عێراق و کوردستان بوون، ئەو لە نزیکەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی شەڕی ناوچەکە و، ژیان و، مەترسیەکان لەسەر کەمەنەتەوایەتیەکانی عێراق کردوە و، گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی کە کورد پێویستی بە هاوکاری جیدییە بۆ شەڕی داعش، هەروەها (وەڵف) پێی وابوو دیانەکان و کەمینەکانی تر هەر لە کوردستاندا دەحەوێنەوە؛ ئەو متمانەیەکی زۆری بە عێراق نییە کەمینەکانی پێ بپارێزێت.
شیاوی گوتنە فرانک وەڵف لە کانوونی دووەمەوە خانەنیش بووە و، ئێستاش کەسێکی کارای (ویڵسن)ـە لە زانکۆی بایلەر بۆ داکۆکی لە ئازادی ئایین.
و/ خالید ئەحمەد




