محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود: بارزانی ئێستاش سه‌رۆكێكی پێشمه‌رگه‌یه.. چه‌ندین فه‌رمانده‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ گۆڕاون

هه‌ولێر-KDP.info- سكرتێری حزبی سۆسیالیست‌دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت، (مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكێكی پێشمه‌رگه‌یه و، چاکیش ئاگای له‌و ئامانجانەیە وا لەمێژە خەباتی بۆ دەکات و، گرنگه به‌ڕێزیان به‌و شێوه‌ی ئێستا گرنگی به بواری دیپلۆماتیکیش بدات، چونكه كورد پێویتسی به هاوپه‌یمانی زیاتره.
(محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود) سكرتێری حزبی سۆسیالیست‌دیموكراتی كوردستان له هه‌ڤپه‌یڤینێك له‌گه‌ڵ گۆڤاری گوڵاندا، گوتوویوتی: "سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵی گرنگی گێڕاوه له به‌ره‌كانی جه‌نگدا؛ ته‌نانه‌ت له‌و گۆڕانكاریانه‌ی له میحوه‌ره‌كان كراوه. هاتنەکەیشی بۆ شاری كه‌ركووك، دوو ئامانجی هه‌بوو؛ یه‌كه‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی شاری كه‌ركووك، یەکودوایش كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كان و پێداچوونه‌وه به هێزه‌كاندا؛ ئەوە بوو چه‌ندین فه‌رمانده‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگیان گۆڕی، کە ئەو گۆڕانکاریانە له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و سه‌ربازی و مه‌عنه‌ویدا، بایه‌خی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه، به تایبه‌تی هاتنی بارزانی له‌و سه‌ردانه‌دا ئه‌وه بوو كه پێشمه‌رگه هه‌موو پێكهاته‌كانی كه‌ركووك ده‌پارێزێت، له‌م پێناوه‌شدا ئه‌وه ماوه‌ی 8 مانگه پێشمه‌رگه بۆ پاراستنی ئاسایشی كه‌ركووك خوێن ده‌ڕێژێت، له كاتێكدا هیچ هێزێكی دیكه دڵۆپێك خوێنی نه‌ڕشتووه له‌و سنووره‌دا، بۆیه هاتنی بارزانی هه‌م له ڕووی مه‌عنه‌وی هه‌م له ڕووی سه‌ربازییەوە گرنگ بوو، چونكه دووپات كرایه‌وه كه‌ركووك كوردستانییه و پێشمه‌رگه ده‌یپارێزێت."
سكرتێری حزبی سۆسیالیست‌دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "بارزانی بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ گرنگه، چونكه له سه‌ره‌تای لاویەتییه‌وه پێشمه‌رگه بووه، ئێستاش سه‌رۆكێكی پێشمه‌رگه‌یه و، ئاگای له‌و ئامانجانه‌یه كه لەو ساوە خه‌باتی بۆ كردووه و، گرنگه به‌ڕێزیان به‌و شێوه‌ی ئێستا هه‌یه، گرینگی به بواری دیپلۆماسی بدات، چونكه كورد پێویتسی به هاوپه‌یمانی زیاترە."




