ئامینه زكری: لە په‌رله‌مانەوە بە حكوومه‌تمان ڕاگەیاندووە، ڕازی نابین به‌غدا نه‌وتەکەمان بەرزەفت بكات

هه‌ولێر -KDP.info- (ئامینە زکری) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، په‌رله‌مانی كوردستان دووپاتی كرده‌وه كه کاروباری نه‌وت نادرێته ده‌ست به‌غدا و به‌رده‌وام ده‌بێت له هه‌نارده كردنی نه‌وتی كوردستان.
(ئامینە زکری) به به‌ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌تدا باسی ئه‌وه كرا کە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێش هەموو شتێک، دەیەوێ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقدا ڕێک بکەوێت، هه‌موو هه‌وڵێکیشی بۆ دەدات، خۆ ئه‌گه‌ر عێراق بوودجه‌ی 2015 وه‌ك خۆی بنێرێت، ئێمه گرفتمان نابێت و، بەڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕگه یاسایانه‌ی بوودجەی جێبه‌جێ نه‌كرد، ئه‌و كاته حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌لته‌رناتیڤی خۆی ده‌بێت له كۆبوونه‌وه‌ش سه‌رۆكی حكوومه‌ت داوای له‌په‌رله‌مان كرد كه هاوكاریان بن بۆ ئه‌و به‌دیلانه كه ئه‌و كاته پێكه‌وه بڕیاری لێ ده‌ده‌ن."
)زكری) گوتیشی: "هه‌رێمی كوردستان ڕێگای به‌هێزی ئابووریی هه‌یه؛ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی هه‌رێمی كوردستان و توركیا کردوویانە، بۆ ئەوەیە نەوتی کردستان بڕواتە دەرەوە؛ ئەگەرچی وا دوو ساڵه هه‌وڵ ده‌دەین له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا ڕێک بکەوین تا له‌وێیشه‌وه نه‌وت هه‌نارده بكرێت، به‌ڵام هێشتا گفتوگۆیەکی وامان نەکردووە؛ حكوومه‌تی هه‌رێم له‌وه ده‌گه‌ڕێت كه كاری كۆمپانیاكان چۆن‌چۆنی ڕێك بخات له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێككه‌وتنانه واته به‌رژه‌وه‌ندیی هەردوولایه تێدا بێت".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه له کاروباری نه‌وتدا، چونكه هه‌موو گرفتی عێراق له‌سه‌ر بەرزەفتكردنی نه‌وتی كوردستانه و، بۆچوونی په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه كه نابێت نه‌وتی كوردستان بخرێتەوە دەست بەغدا؛ حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌و هه‌موو دانوستان و گفتووگۆیە ده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی خۆی و، پاشه‌كشه‌ی لێ ناكه‌ین.




