باپیر کامەلا: پێشمەرگە پێویستی بە حەشدی شەعبی نییە و له سنوورى ماددهى 140 دا مهترسین

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بوونی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانیەکان مەترسییە بۆ سەر داھاتوو و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوەیە کێشە دروست بکەن لەو ناوچانە، ئەگەر نا پێشمەرگە پێویستی بە حەشدی شەعبی نییە و پێویستی بەوە ھەیە مافی خۆی پێبدرێت لەوەزارەتی بەرگری عێراق.
ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان(باپیر کامەلا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھەر ھێزێک لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لەژێر فەرمانی ھەرێمی کوردستان نەبێت دەبێتە مەترسیەکی گەورە لە ئایندەدا، بۆیە پێویستە ھەر ھێزێک ھەبێت فەرمان لەھەرێمی کوردستان وەربگرێت.
(کامەلا) گوتیشی: "حەشدی شەعبی کۆمەڵێک ئامانجی ھەیە، لەوانە کە سوپای عێراق روخاوە و ئەگەر دووبارە ئهو سوپایه دروستیش بکرێتهوه پێویستە لە ئەفسەرە کۆنەکان بێت، ئەوانیش ئینتیمایان بۆ سوننە و حیزبی بەعسی روخاو ھەیە، ئینجا بۆیە دەیانەوێت حەشدی شەعبی بکەنە واقع و باس لەوە بکەن رۆڵی لە شەری داعش ھەبووە و دەبێتە سوپای عێراق .
ھەروەھا ڕوونیشی کردەوە، یەکێکی دیکە لەئامانجەکانیان ئەوەیە کە ئەو ناوچانەی دەکەونە سنوری مادەی ١٤٠ کێشەى بۆ دروست بکەن و بڵێن پێشمەرگە تاوەکو ئێرە ھاتووە و ئەوەی دیکە سنوری مادەی١٤٠ و نابێت پێشمەرگە لێرە بێت و پێویستە بە دەستوور ئەو سنوورانە یەکلایی بکرێنەوە کە ماددەی ١٤٠ پێویست بوو له٢٠٠٧_ه وه جێبهجێبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبهجێنهكراوه و ھەرجارەو کێشەیەکی بۆ دروست دەکەن.
ئهو ئەندامهى لیژنەی پێشمەرگە راشیگەیاند، ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم کە پێشمەرگەی لێیە پێویستی بەحەشدی شەعبی نییەو ئەگەر حکوومەتی عێراق راستگۆیە با ھێزی پێشمەرگە پڕچەک بکرێت و مافی خۆی لە وەزارەتی بەرگری عێراقی پێبدرێت و بەھیچ شێوەیەک پێویستی بە حەشدی شەعبی نییە.
بڵندئیبراھیم




