هێمن هەورامی: ڕۆژهەڵاتی ناوین كوردستانی وەك ئەكتەرێكی كاریگەر لە خۆ گرتووە

هۆلەندا -KDP.info- هێمن هەورامی لە میانی بەشداری لە کۆڕێکدا لە هۆڵەندا دەڵێ، ڕۆژهەڵاتی ناوین كوردستانی وەك ئەكتەرێكی كاریگەر لە خۆ گرتووە؛ هەڵبەت هەورامی ڕۆڵی نەبەردی و گیانفیداییەکەی پێشمەرگەیشی لە تێکشکاندنی داعش بۆ ئامادەبووانی کۆڕەکە ڕوون کردەوە.
هێمن هەورامی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی زانكۆی ئۆتریخت لە هۆڵەندا، بەشداری کۆڕێكی زانستی ناوەندی لێكۆڵینەوەی تەنگەژەكانی زانكۆكە دەكات بە ناونیشانی (كوردستان لە قۆناغی گواستنەوەدا، ئاراستە سیاسییەكانی باشووری كوردستان و، ڕۆژئاوا لە قۆناغی ئێستای شەڕی داعشدا).
ئەو کۆڕە لە ڕۆژی 28/2/2015 لە لانزاكۆی ئۆتریخت لە هۆڵەندا بەڕێوە چوو، كە ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایانی زانكۆ و ڕۆژنامەنووسی هۆڵندی و قوتابی زانستە سیاسییەكان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان هاتبوونە کۆڕەکە، لە پانێڵی یەكەمدا هەورامی بابەتێكی بەناوی سەركردایەتیی پ.د.ك. پێشكەش كرد، كە تەوەری سەرەكی بابەتەكە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینییەوە. داینامیككییەتی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوین كوردستانی وەك ئەكتەرێكی كاریگەر لە خۆ گرتووە و ڕۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینێت، گەر بنواڕینە 100 ساڵی ڕابردوو نەخشەی ناوچەكە و ئاراستەی ڕووداوەكان، سێگۆشەی عەرەبتوركفارس بوو، بەڵام ئێستا توانستی كورد هاوكێشەكانی لە سێکوچکەوە کردە چوارکوچکەی كوردعەرەبتوركفارس؛ لە پرسی شەڕی تیرۆر، ئاسایشی وزە، سەقامگیری، پاراستنی هاوسەنگی جیۆپۆلەتیكیشدا، كوردستان ببێتە سەنگ بە لای هێزە هەرێمییەكان و هێزە نێودەوڵەتییەكانیش.
هەورامی، نەبەردی و گیانفیداییەکەی پێشمەرگەی كوردستانی لە تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش بۆ ئامادەبوان ڕوون كردەوە، لە بەرانبەر ئەو گوڕوتینەی پێشمەرگەدا ستراتیژییەتێكی وەها لە نێو ڕۆژئاوا و نابینرێت بۆ بنبڕكردنی داعش، هەورامی ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی سەقفێكی سیاسی و پێدانی چەكی پێشكەوتوو بە پێشمەرگە ئەو ئاماژەییە كە ستراتیژییەتی ڕۆژئاوای خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
باسی هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی بۆ پشتیوانی كۆبانێ و ناردنی چەك و تەقەمەنی و پێشمەرگە بۆ پاڵپشتیی شەڕڤانان، بەشێكی دیكەی قسەكانی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بووە، كە لە ڕووبەرووبوونەوەی تیرۆر سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی وەهای گێڕاوە، لە هەر قوژبینێكی ئاخی كورداندا مەترسییەك هەبووبێت، هەموو هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی بۆ گەیشتن بە هاوكاریان بەكارهێناوە و قوربانیدان لە كۆبانێ و هەولێر ستراتیژییەتی ئەم سەرۆكە بووە.
لە بەشێكی دیكەی کۆڕەكەدا هەورامی تیشكی خستە سەر ڕۆڵی پاڵاوانانەی پێشمەرگە، كە توانیویانە بە خوێن هەموو ناوچە كوردستانییەكان پاك بكەنەوە لە تیرۆریستانی داعش، لە هەمانكاتدا ئەوەشی خستە ڕوو كە لەناوبردنی داعش لە ناوچەكانی دیكەی عێراق و سووریا، پێویستی بە ئامادەبوونی سوننە و هێزی نیشتیمانی عێراقی هەیە، كە بەداخەوە تاوەئێستا ئەو ئامادەباشییەیان تێدا نییە. هەروەها باسی لە خۆڕاگریی كوردستانیانی كرد، کە سەرباری ئەو قەیرانە ئابوورییەی بەغدا بە سەر هەرێمی كوردستانیدا داوە، بوونەتە لانكەی ملیۆنان ئاوارە.
شایانی باسە لە كۆتایی پانێڵەكەدا 15 کەس پرسیاریان ئاراستەی پانێڵی یەكەم كرد، كە 14 پرسیارییان ئاراستەی هێمن هەورامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پ. د.ك. كرا، هەورامییش بە وردی و زانستانەی بۆ ئامادەبووانی ڕوون كردەوە.




