لەگەڵ گەیشتنی ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکە، مووچەی مانگی یەک دابەش دەکرێ

هەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی 'سامانە سروشتییەکان'ـەکەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ھەرێمی کوردستان پلانی بۆ چارەکردنی قەیرانی دارایی ھەیە و ھەموو ھەوڵێکیش دەدات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغدا و ئەگەر جێ بە جێ نەبوو بژاردەی دیکەمان دەبێت و، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێک ھەرێم دەچێتە بەغدا. جەختیشی کرد، ھەرێم ٥٠٠ملیۆن دۆلاری لە تورکیا قەرز کردووە و، ھەرکاتێک بگات مووچەی مانگی یەک دابەش دەکرێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانەسروشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان پلانی باشی ڕەواندنەوەی قەیرانە داراییەکە ھەیە و، لەمپەرەکە جێبەجێنەکردنی ڕێککەونەکەی نێوان ھەرێم و بەغدایە؛ لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ وردەکارانی ڕێککەوتنەکە بۆ ئێمە ڕوون کرایەوە و، ھەرێمی کوردستان لە نیوە زیاتری ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا پابەند نییە بە ڕێککەوتنەکەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانەکەی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان دانیشتنێک بکرێت و، ھەڵوێستێک وەربگرن و، شاندێکی حکوومەتی ھەرێم بچێتە بەغدا و، لەگەڵ لایەنەکانی بەغدادا کۆ ببنەوە و، بە ڕوونی باس لە ھەموو پرسەکان بکەن و، پێیان بڵێن با بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکەن و، ئەو کێشەیە یەکلایی بکەنەوە و بیبڕنەوە."
(دڵشاد شەعبان) ڕایشیگەیاند: "دەمانەوێت بۆ ھەموو وڵاتی ڕوون بکەینەوە کە ئێمە پابەندی ڕێککەوتنەکەین، بەڵام ئەگەر بەغدا جێبەجێی نەکرد ئێمەش ناتوانین لەوە زیاتر چاوەڕێ بکەین و، ھەرێم لەوە زیاتر چاوەڕوان نابێت و، ئێمەش بژاردەی خۆمان دەبێت و، ھەیشمانە."
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان ئەوەشی خستە ڕوو، رێککەوتنی نێوان ھەرێم و تورکیا کۆنکریتییە و، زۆر ھاوکاری ھەرێم دەکات و، وەختی خۆی ٥٠٠ملیۆن دۆلاری بە قەرز داوەتە ھەرێمی کوردستان و٥٠٠ملیۆن دۆلاری دیکەیشی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتۆتە ھەرێمی کوردستان وھەرکاتێک بگات دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک دەکرێت، چونکە ئەو پارەیە بۆ مووچە قەرز کراوە وبەم نزیکانە دەگاتە ھەرێم و، تورکیا باسی لەوە کردووە ئەو قەرزە چۆنتان پێ باشە بەو شێوەیە بیگەڕێننەوە، پارە یاخود نەوت و، ئەگەر نەیشبوو مەیگەڕێننەوە.
ھەروەھا گوتیشی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی دابینکردنی مووچەی مانگی 'یەک' و 'دوو' و 'سێ'ـدایە و، ڕەنگە تا مانگی چوار قەیرانە داراییەکە بڕەوێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




