نێچیرڤان بارزانی: کۆچی دوایی یەشار کەمال زیانێكی گەورەیە بۆ سەرجەم دنیای پێشکەوتنخواز و ئازاد

هەولێر-KDP.info-سهرۆک وەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) بۆ کۆچی دوایی (یەشار کەمال) پەیامێکی راگەیاند و لە پەیامەکەیدا دەڵێ،"یاشار کەمال قەڵەمێکی مەزن و داهێنەرێکی ناودار و پێشکەوتنخواز بوو، نەک بە تەنها بۆ کورد و گەلانی تورکیا، بەڵکوو دەنگی ژیاندۆستی و ویژدانی زیندووی سەردەمەکەی بوو، بانگی ئاشتی و پێکەوەژیان و برایی و ئازادی بوو".
کۆچی دواییی نووسەری گەورە و ناوداری کورد مامۆستا (یەشار کەمال)، زۆر خەمبار و دڵتەنگی کردین. یاشار کەمال قەڵەمێکی مەزن و داهێنەرێکی ناودار و پێشکەوتنخواز بوو، نەک بە تەنها بۆ کورد و گەلانی تورکیا، بەڵکوو دەنگی ژیاندۆستی و ویژدانی زیندووی سەردەمەکەی بوو، بانگی ئاشتی و پێکەوەژیان و برایی و ئازادی بوو. هەموو بەرهەمە ناوازەکانی و هەموو ئەو خەڵاتە سەنگینانەی پێی بەخشرا بوون، گەواهیی جوانیی ئەو پەیامە مرۆڤدۆستانەی ئەم نووسەرە مەزنەن، کە ماوەی زیاتر له نیو سەد ههوڵی دهدا بە گوێی مرۆڤایەتیدا، بدات.
کۆچی دواییی ئەم داهێنەرە پێشکەوتنخوازەی کورد، زیانێكی گەورەیە بۆ سەرجەم دنیای پێشکەوتنخواز و ئازاد، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە بیر و پەیامی توندڕەوی و مەرگ و تاریكی، بە دڕندانەترین شێوە هەوڵی ناشیرینکردنی ژیان و سڕینەوەی بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی دەدەن، ئەم سەردەمەی کە لە هەموو کاتێك زیاتر پێویستی بە دەنگ و ڕەنگی وەک یاشار کەمال هەیە.
بە ناوی خۆمان و حکوومەت و گەلی کوردستانەوە، پرسه و سەرەخۆشی ئاڕاستەی گەلی کوردستان و هەموو دۆستانی پەیامی ئاشتی و جوانی و ئازادییەکەی یەشار کەمال دەکەین. سەرەخۆشیی تایبەتیشمان بۆ خانەوادەی بەڕێزی بەهەشتی یەشار کەمال، کە هەمیشە دەنگی ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیان و پێشکەوتنخوازی بووە بۆ هەمو پێکهاتە جیاجیاکانی وڵاتەکەی و گەلانی ناوچەکە و تهواوی جیهان.
نێچیرڤان بارزانی
١-٣-٢٠١٥




