زیاتر لە هەزار چەكداری داعش لە دیالەدا كوژراون

دیالە -KDP.info- بەپێی ئامارێكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لە شەڕی سنووری دیالەدا، زیاتر لە 1000 چەكداری داعش كوژراون كە هەندێکیان ڕەگەزنامەی 30 وڵاتی جیهانیان پێ بووە!
لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە (ئەحمەد ڕوبێعی) ئاشكرای كرد: لە سەرەتای شەڕی داعشەوە تاوەكو ئێستا لە سنووری پارێزگای دیالە زیاتر لە 1000 هەزار چەكداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و ناسراو بە داعش كوژراون.
(ئەحمەد ڕوبێعی) گوتیشی: لە ناو كوژاوەكانی داعشدا زیاتر لە 50 سەركردەی هێڵی یەكەم و دووەمی چەكدارەكان لە سنووری پارێزگای دیالەی تێدایە.
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو: "لە نێو كوژراوەكانی داعش زۆرێکیان خەڵكی دەرەوەی عێراقن؛ هەندێکیان ڕەگەزنامەی 30 وڵاتی دنیایان پێ بووە؛ كە زۆربەی پۆستە باڵاكانی داعشیان بە دەستەوە بووە لە سنوورەكەدا."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ڕاشیگەیاند: داعش لە سنووری دیالە بە تەواوی لە سەرجەم شەڕەكاندا دۆڕاوە و تێك شێندراوە و، ئێستا لە سنوورەكە ڕاونراون و هەموو دیالە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەكاندایە.
كاروان جاف




