پەرلەمان پاڵپشتی حکوومەت دەبێ..پێویستە عێراق بەشەبودجەی هەرێم خەرج بکات
هەولێر-KDP.info- لە ڕاگهیاندراوی هاوبهشی پهرلهمان و حكوومهتی ههرێمی كوردستان کە ئەمڕۆ کۆبوونەوە هاتووە، پێویستە حکوومەتی عێراق بەشەبودجەی هەرێم خەرج بکات؛ هەڵبەت پەرلەمانی کوردستانیش پاڵپشتی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
ئەمڕۆ یهكشهممه ١-٣-٢٠١٥ لە تەلارى ئەنجوومەنى وەزیران كۆبونەوەى هاوبەشى نێوان پەرلەمانى كوردستان كە پێكهاتبوو لە سەرۆكایەتیى پەرلەمان و سەرۆكى فڕاكسیۆنەكان و هەدوو لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و لیژنەى دارایى و ئابوورى و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ ئەنجوومەنى هەرێمى بۆ کاروباری نەوت و گاز بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی سامانە سروشتییەکان و دارایی و پلاندانان ئەنجام درا.
كۆبونەوەكە لەسەر داواى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ تاوتوێكردنى قەیرانى دارایى و كێشەكانى نێوان هەرێمى كوردستان و بەغدا و دوایین پێشهاتەكان و ئەوەى پەیوەندیدارە بە بودجە و وزە و چۆنیەتیى چارەكردنى ئەنجامدانى چاكسازى لە بوارى دارایى و نەوت و گاز، ئەنجام درا.
لە كۆبونەوەكەدا باس لە گرفت و ئاستەنگییەكانى نێوان هەرێم و حكوومەتى فیدرالى عێراق و یەكڕیزیى نێو ماڵى كورد و لێكگەیشتنى زیاتر لەوبارەیەوە كرا. لە كۆبونەوەكەدا بریار درا كە:
1-هەوڵەكانی هەرێم لەگەڵ حكوومەتى فیدڕاڵى عێراق بەردەوام بێت و پێویستە بەشە بودجەى هەرێمى كوردستان خەرج بکرێت بە گوێرەى یاسای بودجە، كە چۆتە بواری جێبەجێ كردنهوه.
2- حكوومەتى هەرێمى كوردستان و پەرلەمانى كوردستان بەیەكەوە هەماهەنگ بن لە داڕشتنی پلان و ستراتیژ بۆ چارەكردنى قەیرانى دارایى و دابینكردنى بودجە و مووچەى هاووڵاتیان، بە گرتنەبەری سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان.
3- درێژەدان و برەودان بە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە جێبەجێكردنى كارنامەى کابینەی هەشتەم، بە دانانى نەخشەڕێگاى چارەسەرى بنەڕەتى بۆ چاكسازى بە گشتى و بە تایبەتى لە بوارى كەرتى نەوت و گاز و داراییى گشتیدا.
4- دەستەبەركردنى زیاتر و برەودان بە هەنگاوەکانی هەرێم لە بواری شەفافیەت و كاراتربوونی چالاکییەکانی ئەو بوارە.
5- بۆ كارئاسانى و بەدەستهێنانى زانیارى و ئاگاداربوون لە كارى دامودەزگاكانى حكوومەتى هەرێمى كوردستان، هەردوولا بە پێویستیان زانى و هاوڕا بوون بە دامەزراندنى ژوورى زانیاریى هاوبەش لە نێوان پەرلەمان و حكوومەتى هەرێمى كوردستاندا.
6- جەخت لە پاڵپشتیى پەرلەمانى كوردستان بۆ حكوومەتى هەرێمى كوردستان كرایەوە بۆ دۆزینەوەى ڕێگەچارەسەرى گونجاو بۆ سەرجەم پرس و كێشە هەنووكەییەكانى هەرێمى كوردستان، لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا.
7- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەفتانە لە ماڵپەری خۆیدا زانییارییەکان لەسەر ڕێژەی بەرهەمهێنان و نەوتی هەناردەکراو، ڕابگەینێت.




