٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

پارتی: کۆچی دوایی یەشار کەمال، لەدەستدانی گەنجینەیەکی بەهادارى ئەدەبیی گەلی کورد بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  دەزگاى رۆشنبیریی و راگەیاندنى پارتى دیموکراتى کوردستان، ڕایدەگەیەنێ، بە کۆچی دوایی ئەو نووسەر و رۆماننوسە پێشەنگ و مەزنە،  گەلەکەمان گەنجینەیەکی بەهادارى ئەدەبى لە دەست دا و، کەلێنێکى دیاریش کەوتە نێو کولتوورى نەتەوەییمانەوە.

دەقی پرسەنامەى دەزگاى رۆشنبیریی و راگەیاندنى پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆ کۆچى دوایی نووسەر و رۆماننووسیى ناودارى گەلەکەمان یەشار کەمال

بۆ بەڕێز خانەوادەى نووسەر و رۆماننووسى ناودارى کورد یەشار کەمال
  بەداخ وپەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵى کۆچی دوایی ئەدیب و نووسەرى ناودارى گەلەکەمان یەشار کەمالمان بیست، بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەى ئێوەى بەڕێز و کەس وکار و بنەماڵەکەتان دەکەین و خۆمان بە شەریکى خەمتان دەزانین.
بە کۆچی دوایی ئەو نووسەر و رۆماننوسە پێشەنگ و مەزنە،  گەلەکەمان گەنجینەیەکی بەهادارى ئەدەبى لە دەست دا و، کەلێنێکى دیاریش کەوتە نێو کولتوورى نەتەوەییمانەوە. هیواخوازین هاوخەمیى هاونیشتیمانیان و دڵسۆزان و هۆگرانى ئەدەبیاتى یەشار کەمال لە سەرتانسەرى جیهاندا ببێتە مایەى دڵنەوایی و سەبووریتان و لە خە م و خەفەتتان کەم بکاتەوە.
سڵاو و رێز و حورمەت بۆ ئەو قەڵەمە رەسەن و بە بڕشت و پاراو و ئاوەدان و داهێنەرەى نێو ئەدەب و رۆشنبیریی کوردیمان. سڵاو  لەو تێکۆشان و خزمەتە بەردەوام و پڕ بەخششەى پێشکەشى بە نەتەوە و خاک و مرۆڤایەتى کردووە. هەر بۆیەش شایستەى چەندین خەڵاتى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى بووە لەوانەش خەڵاتى نۆبڵ، بەمەش جێپەنجەى بەسەر تاشەبەرد و تاوێرى چیاکان و پێدەشت و کانیاوەکانى وڵاتەکەماندا وەک نەخشى سەر بەردە و تاهەتایە لە هزر و هۆشى نەوەکاندا هەر بە نەمرى دەمێنێتەوە.
   جارێکى دیکە پرسە و سەرەخۆشی خۆمات دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین لە خەم و ئازار و کۆستى دیکە بە دوور بن...
دەزگاى رۆشنبیرى و راگەیاندنى
پارتى دیموکراتى کوردستان
                                                                                    1/3/2015

هەواڵی پەیوەندیدار