٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێكهاتەكانی هەرێم: دەستكەوتەكانی ئەمڕۆ بەرهەمی خەباتی بارزانی نەمرن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  نوێنەری پێكهاتە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان، باس لە خەباتی (بارزانی نەمر) دەكەن و دەڵێن، هیچ جیاوازییەكی لە نێوان پێكهاتەكاندا نەكردووە و، ئەو دەستكەوتانەی ئێستایش بە دەست هاتوون، بۆ ئەو سەردەمە و خەباتی (بارزانی نەمر) دەگێڕنەوە و بڕوایان وایە، پێویستە ئەو رێبازە لەیاد نەكرێت و درێژەی پێ بدرێت.

نوێنەری كوردانی ئێزدی لە خولی پێشووی ئەجوومەنی نوێنەرانی عێراق و كەسایەتیی دیاری ئێزدییەكان (مەحما خەلیل) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پێویستە هەموو كورد سوپاسی خوای گەورە بكات كە سەرۆكێكی وەكو باوكی رۆحیی نەتەوەی كورد (بارزانی نەمر)ـی هەبووە، كە وەكو خەڵاتێك بووە بۆ كورد و لە ئێستادا مافی لەسەر هەر تاكێكی كورد هەیە، چونكە بێوچان خەباتی بۆ هەموو گەلی كورد و مرۆڤایەتی و دیموكراسییەت كردووە ڕابەری بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان بووە."

(مەحما خەلیل) گوتیشی، "(بارزانی) لە ژیانی خۆیدا زۆر گرینگیی بە پێكهاتەی ئێزدی داوە و بە كوردی رەسەنی ناوزەد كردوون و، بە هیچ شێوەیەك و هیچ كاتێك جیاوازیی لە نێوان چیای شنگال لەگەڵ چیاكانی دیكەی كوردستاندا نەكردووە؛ سازشی لەسەر خاكی شنگال نەكردووە، بۆیە ئێمە خۆشحاڵین كە كوردانی ئێزدی بە خەباتی (بارزانی نەمر) ناسراون".

نوێنەری توركمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر (عیماد رەفعەت) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا، "(بارزانی نەمر) تەنیا رەمزی نەتەوەی كورد نییە، بەڵكە رەمزی كوردستانیانە، چونكە ئەو تیدەكۆشا نەك تەنیا بۆ كورد، بەڵكە بۆ نەتەوەكانی دیكەیش و، لە میانەی خەباتی خۆیدا زۆر داكۆكیی لە نەتەوەی توركمان كردووە، بۆ نموونە لە بەیاننامەی ١١ـی ئاداری١٩٧٠ پێش داواكردنی مافی كورد، (بارزانی نەمر) داوای مافی توركمانی كردووە، كە باسی لەوە كردووە توركمان زۆر نزیكن لە ئەوەوە و (سەرۆك بارزانی)ـیش لەسەر رێبازی ئەوە، چونكە لە كاتی نووسینی دەستووری عێراقدا داوای مافی توركمانی كرد بە بێ ئەوەی نوێنەری ئێمە لەوێ بێت و ئەمەیش لە بیر ناكرێت و مێژوویەكی گرینگە بۆ ئێمە".

(عیماد رەفعەت) دەشڵێت، "لە سەردەمی خەباتی باوكی رۆحیی نەتەوەی كورد (بارزانی نەمر)ـدا جیاوازی لە نێوان نەتەوەكاندا نەكراوە، بۆیە وەكو ئەزموونێك لە دوای ئەو و پاش راپەڕینی ١٩٩١ وەكو نەتەوەی دووەم مامەڵە لەگەڵ توركمان دەكرێت و هەست بە ئازادی زۆر دەكەن لە هەرێمی كوردستاندا، هەر بە هۆی ئەو دەستكەوتانەیشەوە بوو توركمان لە پەرلەمان و حكوومەت بەشدار بوون و، قوتابخانەی توركمانی و گۆڤار و پێداویستیی دیكەیان بۆ فەراهەم كرا كە ئەمەیش بە فەرمانی حەكیمانەی (سەرۆك بارزانی) بووە و پێشتر شتی وەها لە ئارادا نەبووە، كە ئەمەیش نەك تەنیا بۆ توركمانەكان، بگرە بۆ هەموو پێكهاتەكانی دیكەیش هەمان شت فەراهەم كراوە".

لای خۆیەوە (رۆمیۆ هەكاری) لە پێكهاتەی ئاشوورییەكانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئەمڕۆ ساڵڕۆژی كۆچی دوایی (بارزانی نەمر)ـە و لەم رۆژەدا ئەو یادە دەكرێتەوە كە خەباتی نەپساوەی (بارزانی نەمر)ـمان لەبیرە، لە سەرەتای دەستپێكردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە تاوەكو ساڵی ١٩٧٤ رژێمی (سەددام) و جەزاییر و شای ئێران كۆتایییان بەو شۆڕشە هێنا و نائومێدییەكی زۆری خوڵقاند، ئێمەیش وەكو ئاشووری كە لەو شۆڕشەدا بەشدار بووین، خەباتی ئەو قارەمانە گەورەیەمان لەبیرە، چونكە ئێمە دەستێكی باڵامان لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا هەبووە و لە یەك سەنگەردا خوێنی كورد و ئاشووری رژاوە".

(هەكاری) گوتیشی، "خەباتێك لە سەردەمی (بارزانی نەمر)ـدا دەستی پێ كردووە و تاوەكو ئێستایش ئەو خەباتە لەناو پارتیی دیموكراتی كوردستاندا بەردەوامە بە ڕێبەرایەتیی (سەرۆك مەسعوود بارزانی)، كە هەمان بیرۆكە و هەمان راستەڕێ تا ئێستایش بەردەوامە و هیوادارم بەردەوامیش بێت".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار