د. شەفیق قەزاز، دواگفتوگۆی بارزانی نەمر لەگەڵ كیسنجەردا دەگێڕیتەوە.. "هەمیشە لەگەڵ ئازاری خەڵكدا بوو"

سلێمانی-KDP.info- (د. شەفیق قەزاز) كەسایەتیی نزیك لە (بارزانی نەمر) باسی خەبات و تێكۆشانی ژەنەراڵ (مستەفا بارزانی) دەكات و دەڵێت، "ئەو سەركردە مەزنە لە هەموو سەركردەكانی پێش خۆی و دوای خۆی جیاوازە كە هەمیشە لەگەڵ ئازاری خەڵكدا بوو."
بەگوێرەی زانستی مێژوو هەر نەتەوە و گەل و كۆمەڵێك لە قۆناغێكی دیاریكراودا خاوەنی كەسایەتیێكی گەورەی خۆیەتی. ئەو كەسایەتییەش لەلایەك سەردەمەكە و لە لایەكی دی ئامادەیی خۆی دروستی كردووە. هەڵبەت بێ بوونی خەسڵەتگەلێك ئەستەمە کاریزما دروست ببێت. گرینگترینی ئەو خەسڵەتانەش (ئازایەتی و بووێری و لێهاتوویی و خۆنەویستی و بەخشندەیی و لێبوردەیی)ـین. ئاخر هەموو ئەو خەسڵەتانەن کە كەسایەتیێک دروست دەكات، كە دەكرێت نازناوی (كاریزما)ـی بەسەردا ببرێت، چونكە خەسڵەتەكانی كاریزمابوونی تێدا كۆ بووەتەوە و ئەو خەسڵەتانەش لە هەموو تاكێكدا كۆ نابنەوە.
هەروەک چۆن لە سەدەی بیستەمدا (مەهاتما گاندی) بۆ هیندییەكان و (ژەنەڕاڵ دیگۆل) بۆ فەڕەنسییەكان و (ماوتسی یۆنگ) بۆ چینییەكان و (ڤلادیمیر ئیلیچ لینین) بۆ بەلشەویەكییەكانی ڕووسیا، بوونە كاریزمای سەدەی بیستەمی نەتەوە و گەل و وڵاتی خۆیان،
لە پەراوێزی وەها ڕاستییەكدا دەبێت بگەینە ئەوەی، كە (مستەفا بارزانی)ـیش وەك كاریزمای سەدەی بیستەمی كورد دەرکەوت.
کتومت وەک ئەو خەسڵەتانەی کە (د. شەفیق قەزاز)، كەسایەتیی نزیك لە (بارزانی نەمر)، لە یادی كۆچی دواییدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "من بە دوو شێوە (بارزانی نەمر)ـم ناسیوە، یەكەم وەك سەركردە كە خەباتێكی دوورودرێژی هەبووە، هەروەها كەسێكی خۆڕسك بووە و دڵسۆزانە لە پێناو نیشتمان و نەتەوەكەیدا قوربانیی داوە، بۆیە لە هەرچیی سەركردەی كورد لە ئێستا و ڕابردوویشدا جیای دەكەمەوە؛ دووەم وەكو مرۆڤ من ماوەی 3 مانگ شەو و ڕۆژ لەگەڵیدا بووم، ئەو كاتەی چووم بۆ ئەمەریكا ئەو لە كاری ڕۆژانەی خۆیدا تایبەتمەندیی زۆر جوانی هەبوو، یەكێك لەوانە سادەیی و ڕووخۆشی بوو، زۆر ددانبەخۆداگر بوو و گوێی دەگرت، بەڵام بۆچوونی خۆیشی هەبوو و پیاوێك بوو نزیك بوو لە خەڵكەوە و ئەوەیش تایبەتمەندییەك بوو كە زۆر هۆكار بوو بۆ سەركەوتنی، هەم وەك سەركردە و هەم وەك كەسایەتی كە هەمیشە لەگەڵ ئازاری خەڵكدا بوو".
ئەمڕۆ کە ١ـی ٣ـی ٢٠١٣، ٣٦ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردە و ڕابەر و سیمبولی کوردستان، (بارزانی نەمر)ـدا تێپەڕ دەبێ، پاش زیاتر لە نیو سەدە خەبات و بەرخودان لەپێناو ئازادیی کوردستان هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوام بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی کە میللەتی کورد، وەک هەر میللەتێکی دی بە مافی ڕەوای خۆی دەزانی.
دەربارەی ڕۆحی بەرخودان لە (بارزانی)ـدابۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی کورد، (د. شەفیق قەزاز) دەڵێت، "(بارزانیی نەمر) لە هەموومان زیاتر هەستی بە بێتاقەتیی شكستهێنانی شۆڕش دەكرد، چونكە ئەو لە دڵەوە شۆڕش و بەرخودان لە بەرنامەیدا بوو، هەر بۆیە دواگفتوگۆی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا (كیسنجەر) ئەوە بوو كە خۆم ئەوكات وەرگێڕ بووم گوتی، "من شۆڕشێكم لە دەست دا، هیچ داخوازییەكم نییە، بەڵام داوام لە ئەمەریكایە كە كێشەی كورد بكاتە بەشێك لە بەرنامەی سەرەكیی حكوومەتەكەی."
بە گوتەی (د.قەزاز)، (بارزانی نەمر) دەیزانی كە سیاسەتی حكوومەتی ئەمەریكا بەرانبەر بە كورد، دروست سیاسەتی ئەو دەوڵەتە نەبووە، بەڵكە سیاسەتی "سی ئای ئەی" بووە، خاڵی دووەمیش ئەوە بوو كە (بارزانی نەمر) فەرمووی، ئەگەر شۆڕش نەیتوانی تەواوی ئامانجەكانی گەلی كوردە بێنێتە دی، ئەوا با وڵاتانی جیهان شایەتی خەباتی ئەو نەتەوەیە بن.
کارزان هەورامی




