٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەمەریكا بیر لە دواخستنی شەڕی مووسڵ دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریكا-KDP.info-  "وۆڵ‌ستریت‌جۆرناڵ‌" لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، بەرپرسە سەربازییەكانی ئەمەریكا بیر لە دواخستنی شەڕی مووسڵ دەكەنەوە، بە هۆی ئەوەی كە هێشتا كاتێكی زیاتریان بۆ ڕاهێنانەوەی سوپای عێراق پێویستە.

 

بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە شەڕی زەوینی بۆ گرتنەوەی مووسڵ پێناچێت بەم زووانە دەست پێ بكات، ئەوان لە ئێستادا تەنیا بایەخ بە ئاسمانەهێرشەكان دەدەن و هێرشی زەوینی بۆ مووسڵ لە کارە لەپێشینەکانیان نییە.

بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریكا لەو باوەڕادان چەند مانگێكی زیاتر پێویستە لەوەی چاوەڕێ دەكرا بۆ ئەوەی یەكە سەربازییەكانی عێراق ئامادەی شەڕی زەوینی بكەنەوە و، دڵنیا بن لەوەی كە سەركەوتوو دەبن لەو شەڕەدا، تاكو ئێستایش بەشێكی زۆری هێزەكان دەستیان بە مەشقكردن نەكردووە.

هەروەها گوتیشیان، "هەر كاتێك لەوە دڵنیا بووین كە سوپای عێراق ئامادەی شەڕكردنە، ئەوا عێراقییەكان بۆ ئەو شەڕە ڕادەسپێرین".
جێی باسە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە ئێستا ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەیانەوێت لە ڕێگەی هێرشە ئاسمانییەكانەوە پێگە دیارەكانی داعش بكوتن و لە ژێر زانیاری ورددا سەركردەكانیان بكوژن، هەروەها ڕێگاكانی هێنان و بردنی پێداویستییەكانیان ببڕن، تا ئەو ئاستەی هەم داعش لاواز دەبێت و هەمیش سوپای عێراق هەڵدەستێتەوە.

و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار