قادر عەزیز: لە سایەی خەبات و بەرخودانی بارزانی نەمرە بە زۆرێک لە ئاواتەکانمان گەیشتووین

سلێمانی-KDP.info- سكرتێری حزبی ئاییندە (قادر عەزیز) دەڵێت، سەركردایەتیی (بارزانی نەمر) زۆر مانای بە گەلی كورد و شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بەخشی، لەوانە بەرخودان و سووربوون لەسەر داوا رەواكان، مانای ئومێد بەخشین بە ئاییندەی ئەو خەباتە كە زوو یان درەنگ ئەو گەلە خۆڕاگرە بە ئاواتەكانی خۆی دەگەیەنێت.
سكرتێری حزبی ئاییندە(قادر عەزیز)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، "بە بۆنەی 36 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر كۆچی دوایی (بارزانی نەمر) سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو سەركردە گەورەیەی گەلەكەمان دەنێرم، دیارە كۆچی دوایی (بارزانی نەمر) لە قۆناخێكی زۆر هەستیار و دژواردا بوو كە ئەو كاتە گەلەكەمان و شۆڕش و بزووتنەوە رزگاریخوازانەكەی پێدا تێدەپەڕی، كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كەلێنێكی گەورە لە دوای خۆی جێ بهێڵێت كە تا ئەمڕۆیش پڕ نەكراوەتەوە".
سكرتێری حزبی ئاییندە گوتیشی، "هەڵسەنگاندنی ئەدای (بارزانی نەمر) بە گەڕانەوە بۆ ئەو هەلومەرجە دەبێت كە ئەو كاتە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لە رووی خودی و بابەتییەوە پێیدا تێدەپەڕی كە قۆناخێكی زۆر دژوار بوو، قۆناخی شەڕی سارد كە ئەو قۆناخە لە هیچ ڕوویەكەوە بە قازانجی گەلەكەمان و بزووتنەوەكەی نەبوو، لەگەڵ ئەوەیشدا (بارزانی نەمر) سەركردەیەكی بەتوانا و كارێزمای قۆناخی خۆی بوو، كە دەكرێ بە ئیجابییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت".
(قادر عەزیز) باسی لەوەیش كرد، "سەركردایەتیی (بارزانی نەمر) زۆر مانای بە گەلی كورد و شۆڕش و بزووتنەوەكەی بەخشی، مانای بەرخودان و سووربوون لەسەر داوا رەواكان، مانای ئومێدبەخشین بە ئاییندەی ئەو خەباتە كە زوو یا درەنگ ئەو گەلە خۆڕاگرە بە ئاواتەكانی خۆی دەگات، كە وەك ئەمڕۆ دەبینین بە زۆرێك لە ئاواتەكانی گەییشتووە".
مستەفا شێخ محەمەدی بارزانی) ناسراو بە (مەلا مستەفا) شۆڕشگێڕ و سیاسەتوانێکی بەناووبانگی کورد بوو. لە کۆماری مەھاباددا ڕۆڵی گرینگی ھەبوو و لە ١٩٤٦ـەوە ڕێبەری پارتیی دیموکراتی کوردستان بوو. لە ١٩٦١ـدا شۆڕشی ئەیلوولی دژ بە حکوومەتی ناوەندیی ئەو کاتەی عێراق بەرپا کرد. لە ساڵی ١٩٧٩ـدا لە وڵاتە یهکگرتووهکانی ئەمەریکادا بە ھۆی نەخۆشییی شێرپەنجەوە و لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا کۆتایی بە ژیانی ھات.
لە لایەن زۆربەی کورد و کوردستانیانەوە، (مەلا مستەفا بارزانی) وەک باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کورد و کوردستان ناسراوە، لەبەر ئەو خەباتی دەوڵەمەند و تەرخانکردنی هەموو ژیانی بۆ ڕزگاریی کورد و کوردستان، کە ڕەنگداوەی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا هەبوو و بەشداریی زۆر شۆڕشی کرد و، وەک مرۆڤێک بۆ کوردستان خەباتی دەکرد، نەک لە ڕوانگای حزبییەوە یان پارچەیەکی کوردستان، بەڵکو بۆ گشت کوردستانی مەزن. تێدەکۆشا.
رابین شێروانی




