٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دروستکردنی نیشانێکی تایبەت بە پڕۆژەیاسای قەرەبووكردنەوەی بێتاوانان

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا ــKDP.infoــ ئەندامێكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت خەڵکێکی زۆر بەبێ تاوان لە گرتووخانەکانی عێراقدان، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو بێتاوانانە پڕۆژەیاسایەكمان پێشكەش كردووە و، بۆ تێگەیاندنی دەستە و تاقمەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بڕیارمان داوە نیشان (لۆگۆ)ێكی تایبەت بەو پڕۆژەیاسایە دروست بكەین.


ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ (د. ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ماوەیەی سەردانی بەندیخانەكانمان دەکرد، زۆر بەندكراو هەبوون بەبێ تاوان ڕاگیر كرابوون؛ دوای چوار پێنج ساڵی ڕەبەق بە بێوەی پێیان دەڵێن بێتاوانی و، بڕۆ دەرەوە! جا ئەگەر فەرمانبەر بووبێت لە کار دەری‌دەکەن، ئەگەر قوتابی بووبێت خوێندنەکەی لە کیس دەچێت و، ئەگەر كەسێكی بەناوبانگ بووبێت، ناوبانگەکەی دەزڕێت.


ئەو ئەندامەی 'لیژنەی مافی مرۆڤ'ـەکەی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "بۆ ئەوەی چیتر خەڵك بەبێ تاوان دەستگیر نەکرێن، ئێمە لە لیژنەی مافی مرۆڤ پڕۆژەیاسایەكمان ئامادە كردووە بە ناوی پڕۆژەیاسای مافی بێتاوانانان و، شتێکی باشە ئەگەر پەسند بکرێت."


(د. ئەشواق جاف) ئاماژەی بەوەش كرد، "ئێمە دەمانەوێت نیشان (لۆگۆ)ێك دروست بكەین بۆ ئەوەی ئەندامان بزانن ئەو پڕۆژەیاسایە چییە، با وا نەزانن تاوانانیش دەگرێتەوە؛ ئەوە هەر بۆ بێتاوانەكانە، ئەویش پاش بێتاوان‌دەرچوونی كەسەكە؛ پێویستە ئەوەی دەستگیر دەکرێت، ماوەی 72 سەعات زیاتر ڕای‌نەگرن، نەک ساڵێک و دوو ساڵ ڕای‌بگرن و، تازە بە بێوەی بزانن بێتاوانە؛ لە خولی پێشتریش هەوڵمان دا بە ڵام سەری نەگرت."


(جاف) ئەوەشی باس كرد: "لەبەر شەڕەکەی ڕۆژی پێنجشەممە ناو پەرلەمان، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ نەكرا؛ داوام لە ئەندامە خۆمانەکانی لیژنەکەیە، هەر كەسە لە فراكسیۆنەکەی خۆیانەوە زۆر بهێنین؛ پەرلەمانتاران ڕوون بكەینەوە، بەشکەم بتوانین بەم‌زووانە پڕۆژەیاسای (قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی دادپەروەری) لە پەرلەمان پەسەند بكەین.


نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار