سێ هەزار كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن

هەولێر-KDP.info-بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكان رایگەیاند، لەهەرێمی كوردستان 22هەزار كۆمپانیا كاردەكەن كە 3 هەزاریان بیانین.
(دڵزار ئیسماعیل) بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە هەرێمی كوردستاندا 22هەزار كۆمپانیا تۆمار كراون، 19هەزاریان خۆماڵینە و، 3هەزاریان بیانی؛ عێراق 900 كۆمپانیای 'بیانی'ـی لێیە، بەو گوێرەیە، هەرێمی كوردستان سێ هێندەی عێراق كۆمپانیای بیانیی لێیە و، تا دێ زیاتریش دەبن."
ساڵی 2000 بوو کە یەکەم كۆمپانیای بیانی هاتە کوردستان و، مۆڵەتی وەرگرت؛ كۆمپانیاکە هی توركەکان بوو.
(دڵزار ئیسماعیل) گوتیشی: "ئەو 3هەزار كۆمپانیا بیانییە زۆربەیان لە توركیا، ئێران، ئەمەریكا، بەریتانیا و ئەورووپاوە هاتوونە."
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان وەهای ڕوونیشی كردەوە: ڕاستە پار لەچاو جاران ــ لەبەر شەڕی داعش ـــ تۆماری كۆمپانیای بیانیان بە رێژەی 37% كەمی كرد، بەڵام نەک هەر هیچ كۆمپانیایەك هەرێمی كوردستانی جێ نەهێشتووە، بەڵكو كۆمپانیای تریش هاتوونە.
(دڵزار ئیسماعیل) جەختیشی كردەوە كۆمپانیا بیانییەكان ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە گەشەكردنی كوردستان بە تایبەت لە ڕووی بیناسازی و نەوت و لە كەرتەكانی تریشدا.
یەحیا سابیر




