نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەمەریكا داوای پشتگیریی سەربازیی زیاتر بۆ پێشمەرگە دەكات

ئەمەریكا-KDP.info- "واشنتۆنتایمز"ـی ئەمەریكایی لە ڕاپۆرتێكدا بەشێكی قسەكانی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا (بەیان سامی عەبدولڕەحمان)-ی بڵاو كردەوە كە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داوای كرد یارمەتیی زیاتری سەربازی بۆ پێشمەرگە دابین بكرێت.
(بەیان سامی عەبدولڕەحمان) پێی وابوو سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە مەیدانی جەنگدا بە چەكی قورس و پێداویستیی سەربازی مكوڕتر دەبن و ئەوان پێویستیان بە یارمەتیی سەربازیی زیاتر هەیە. هەروەها گوتی كە ئیدارەی (ئۆباما) و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پیویستە هەنگاوەكانیان بۆ پشتگیریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی داعشدا خێراتر بكەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا ئاماژەی دا، پێشمەرگەی كوردستان بە كردار سەلماندوویانە كە لە شەڕی زەمینی بۆ لێدانی تیرۆریستانی داعش زۆر لە سوپای عێراق چالاكترن.
هەڵبەت ئەو ڕەخنەی لە ستراتیژییەتی (ئۆباما) هەبوو، كە لە سووریا ناڕوونە و لاوازە، (بەیان سامی عەبدولڕەحمان) گوتیشی: "ئەوا ئێمە لە عێراقیش دەرمان كردن، بەڵام خۆ لە سووریا ماڵیان هەیە، ئەی ستراتیژییەتی (ئۆباما) بۆ سووریا چییە؟".
ڕاشیگەیاند كە داعش سەرچاوەی سەرەكییان لە سووریایە، لەوێوەیە پێداویستییەكانیان دەست دەكەوێت و نەوتەكەیان دەفرۆشن و هەروەها تیرۆریستە تازەكان دێنە ناویان.
شیاوی گوتنە، (بەیان سامی عەبدولڕەحمان) جگە لە داواكردنی پاڵپشتیی زیاتر بۆ پێشمەرگە، نیگەرانیی خۆیشی نیشان دا بەوەی كە ئەمەریكا ستراتیژییەتێكی بەهێزی بۆ سووریا نییە. ئەو بڕوای وابوو كە، "ئەگەر بمانەوێت داعش ڕیشەكێش بكەین، دەبێت هەر لە بیری ئەوەدا نەبین لە عێراق دەریانپەڕێنین، بەڵكە بۆ سووریایش ستراتیژییەتێكی بەهێز بۆ لە ناوبردن و شكستپێهێنانی داعش پێویستە".
و/ خالید ئەحمەد




